رێکخراوێکی ئەمریکی: بەهۆى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیاوە 182 خێزان لە دهۆک ئاوارە بوون

12-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەى ئامارى رێکخراوێک لە 27 رۆژدا سوپاى تورکیا 285 جار بۆردوومانى هەرێمى کوردستانى کردووە، بەهۆى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە لە سنوورى دهۆک 182 خێزان ئاوارە بوون، 602 گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکەیان لە 15ى حوزەیرانەوە تاوەکو 11ى تەممووز کە سوپاى تورکیا دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیى، 285 جار بۆردوومانى هەرێمى کوردستانى کردووە و زۆربەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بووە. 
 
کامەران عوسمان  ئاماژەى بەوەدا هەشت گوند لە سنوورى  قەزاى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک بە تەواوى چۆڵ بوون، 602 گوندیش مەترسیى چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
 
بەگوێرەى ئامارەکە، لەو ماوەیەدا نزیکەى 182 خێزان لە سنوورى دهۆک ئاوارە بوون، کامەران عوسمان دەڵێت: "زۆرینەیان لە سنوورى گوندى نیسکە بوون و سەرجەم دانیشتووانەکەى چۆڵیان کردووە کە 26 خێزان بوون".
 
هەر بەپێی رێکخراوە ئەمریکییەکە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە  65 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک سووتاون.
 
لە حەوت مانگى رابردوودا بەهۆى بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى تورکیاوە هەشت هاووڵاتى سڤیلی هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە، چواریان  لە سنوورى دهۆک، سێیان لە سنوورى ئیدارەى سۆران لە پارێزگاى هەولێر و یەکێکیشیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بووە، هاونیشتیمانیەکیش لەسنوورى دهۆک بریندار بووە.
 
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە لە ساڵى 1991ـەوە بەهۆى بۆردوومانى ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە، 344 هاونیشتمانى سڤیل کوژراون، 358ى دیکەش بریندار بوون. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە