بریندارێکی هێرشەکەی تورکیا لە نزیک شنگال گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، درەنگانی شەوی رابردوو یەکێک لە بریندارانی هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی تورکیا لە نزیک قەزای شنگال گیانی لەدەستدا.
 
ئەو کەسە ناوی موراد میرزایە و رۆژی دووشەممە 8ـی تەممووز، لەسەر رێگەی نێوان قەزای شەنگال و تل قەسەب برینداربوو.
 
موراد لە کەناڵی ئاسمانی (چرا تیڤی) نزیک لە یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کاری دەکرد. رۆژی 8ـی تەممووز لەلایەن درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلەکەیان کرایە ئامانج کە ئەو و دوو کەسی دیکەی تێدابوون، یەکێکی دیکەشیان میدیاکار بوو.
 
موراد میرزا، لە ساڵی 2014 برایەکی بە ناوی ماهیر میرزا لە رووبەڕووبونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش گیانی لەدەستدا. 
 
ئاسایشی ئێزیدخانی سەر بە هێزەکانی یەبەشە رۆژی کردنە ئامانجی ئەو سێ کەسەی لە ئۆتۆمبێلەکەدابوون رایگەیاند، لە هێرشەکەدا تیمێکی کەناڵ و رادیۆی چرا بەناوەکانی "موراد میرزا، میدیا حوسێن کەمال و خەڵەف خدر ئۆسمان"، برینداربوون.
 
لە دوای هێرشەکە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بریندارەکان گوێزرابوونەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری موسڵ.
 
بەپێی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) لە بۆردوومانەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئۆتۆمبێلی بە ئامانجگیراو خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکە.