هاووڵاتییەک لە هەولێر لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل دەکوژرێت و دوو کەسی دیکەش بریندار دەبن

13-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی کوژراوەکە
وێنەی کوژراوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شەڕێکدا لە هەولێر هاووڵاتییەک کوژرا و دوو هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.
 
هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، شەڕەکە لەنێوان دوو دراوسێدا لە گەڕەکی مامزاوا روویداوە و تێیدا سوود لە چەقۆ وەرگیراوە.
 
کوژراوەکە ناوی مازن موحسینە و لە سییەکانی تەمەنیدایە و خاوەنی 6 منداڵە.
 
ئامۆزایەکی کوژراوەکە لە شوێنی رووداوەکە قسەی بۆ هەڵەبجە سەعدوون کرد و گوتی، "شەڕەکە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەر دەرگەی ماڵی مازن بووە. مازن داوای کردووە ئۆتۆمبێلەکە لەبەر دەرگەکەی لاببردرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە حەوشەکە بباتە دەرەوە، بەڵام ئەوانی دیکە کە ئۆتۆمبێلەکەیان لەبەردەم دەرگاکەی راگرتبوو، گوتوویانە ئۆتۆمبێلەکە لانابەن و بەو جۆرە شەڕەکە هەڵگیرساوە".
 
ئامۆزای کوژراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە شەڕەکەدا باوک و برایەکی دیکەی مازن بریندار بوون. موحسین ناوی باوکی مازنە و لەدایکبووی 1961ـە و برایەکی دیکەی مازنیش لە سییەکانی تەمەنیدایە.
 
هاووڵاتییەکی دیکە لە شوێنی رووداوەکە قسەی بۆ هەڵەبجە سەعدوون کرد و گوتی، موحسین باری تەندروستی جێگیر نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی چەقۆکانیان وەشاندووە، هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە