رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، مامەڵەی حکومەتی وڵاتەکەی بەرامبەر سنووری پارێزگای سلێمانی بەو جۆرە بەردەوام دەبێت کە ئێستا هەیە، ئەگەر هەندێک هەنگاو نەنرێن کە ئەنقەرە داوای جێبەجێکردنیان دەکات.
رۆژی هەینی، 12-7-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای تەواوبوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا و لە گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەکەی لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان رایگەیاند، لە کاتی سەردانەکەی مانگی نیساندا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت. گەمارۆکانیشمان بۆ ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبن".
سەرۆککۆماری تورکیا هەر لەو بارەیەوە گوتی، "پێمان گوتوون کە پێویستە سلێمانی هەندێک هەنگاو بنێت، ئەو کات هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکەمان دەکەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی لە مانگی نیساندا بۆ بەغدا ئەرێنی بووە، بە هۆکاری ئەوەی "بۆ یەکەمجار لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا هەنگاوی بەرجەستەکراومان لە گۆڕەپاندا بینی. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکەی بە رێکخراوی قەدەخەکراو و چالاکییەکانیشی بە هەمان شێوە بە قەدەخەکراو ناساند. ئێستاش رەنگدانەوەی ئەوە لە گۆڕەپاندا دەبینین".
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی و "دەسەڵاتدارانی هەولێر مایەی پێزانینە. هەروەها پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق لە ئاستێکی باشدایە".
ئەردۆغان ئاماژەی بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک کرد و رایگەیاند، "لەبارەی سووتاندن و ئاگربەردان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمی رایگەیاندووە کە ئەوە کاری پەکەکە بووە. دواتریش بەرپرسانی هەولێر لێدوانی هاوشێوەیان دا و پاڵپشتیان لە هەڵوێست و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرد".
ئەم گوتەیەی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدایە، لە 3ی نیسانی 2023ەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە.
لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
رۆژی 22-4-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ