تورکیا و پەکەکە ئاماری شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

12-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. پەکەکەش دەڵێت، دوو سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە و سەربازێکی دیکەشیان بریندار کردووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 12ی تەممووزی 2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کوژرانی سەربازێکی بەناوی باهادر ردڤان تالای لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی چێندراو و، برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە پارێزگای دهۆک راگەیاند.
 
لە هەمان راگەیێندراودا وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 7 گەریلای پەکەکەی لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لە نزیک گوندی نیسکە لە سنووری قەزای ئامێدی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
هەر ئەمڕۆ، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەربازی تورکیا و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ئەنجامی دانانی بۆسەیەک بۆ کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی تورکیا لە رێگەی سەرەکیی ئامێدی بڵاوکردەوە.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
چەند هەفتەیەکە شەڕی نێوان هەردوولا چڕتر بووەتەوە، بەتایبەتی لە سنووری ئامێدی.
 
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوێک بۆ رووداو، لە 27 رۆژدا سوپاى تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە، هەروەها بە هۆى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە لە سنوورى دهۆک 184 خێزان ئاوارە بوون، 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکەیان لە 15ى حوزەیرانەوە تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە و زۆربەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بووە.
 
کامەران عوسمان  ئاماژەى بەوەدا 8 گوند لە سنوورى  قەزاى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک بە تەواوى چۆڵ بوون و 602 گوندیش مەترسى چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
بەگوێرەى ئامارەکە ،لەو ماوەیەدا نزیکەى 182 خێزان لە سنوورى دهۆک ئاوارە بوون. کامەران عوسمان دەڵێت: "زۆرینەیان لە سنوورى گوندى نیسکە بوون و سەرجەم دانیشتووانەکەى چۆڵیان کردووە کە 26 خێزان بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە