سوپای تورکیا 'زیاتر لە 200 سەربازی دیکەی' بردووەتە گوندەکانی سنووری ئامێدی

13-07-2024
غەریب مەجید
هێلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو
هێلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - ئامێدی

گوندی 'تی شەمبی' لە نێوجەرگەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیایە دژی پەکەکە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو کەس لەنێو گوندەکەدا نەماوە. هاونیشتمانییەکیش ڤیدیۆی دابەزینی هێزێکی تورکیای بۆ نێو گوندی میسکا ناردووە و دەڵێت، 200 سەرباز لە بەیانیی هەینییەوە چوونەتە نێو گوندەکە.
 
لە گوندی میسکا چوار خانوو لەکاتی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە تەقیونەتەوە و 10ی دیکەش وێران بوون؛ مام زەیا و ماڵباتەکەی لەگەڵ 13 ماڵباتی دیکەی کریستیان، کە لە گوندی میسکا دەژیان، دەربەدەر بوون و بەهۆی شەڕیشەوە کەنیسەی گوندەکە وێران بووە.
 
زەیا گورگیس، هاووڵاتیی کریستیان دەڵێت، دەوروبەری کاژێر 02:30ی شەو گوندەکەیان تۆپباران کراوە، بەیانی کە بەخەبەر هاتووە بینیویەتی بەشێک لە گوندەکە و کەنیسەی گوندەکەش وێران بوون.
 
نەعمان خاوەنی ئاشی تەحین بوو لە گوندی دەرگەلا موسا بەگ، پێنج کەس لەگەڵی کاریان دەکرد، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە ئاشەکەی نەعمان وێران بووە و زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.
 
نەعمان جەلال، خاوەنی ئاشی تەحین دەڵێت، لە سەرەتاوە 70 هەزار دۆلاری لە ئاشەکەیدا خەرجکردووە، دواتریش 30 بۆ 40 هەزار دۆلاری دیکەی تێدا خەرجکردووە، پێنج کرێکاریش بە مووچەی مانگانەی 450 بۆ 600 هەزار دینار لە ئاشەکە کاریان دەکرد، "لە دهۆک بووم، تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان: نەعمان مووشەک لە ئاشەکەی تۆی داوە. منیش هاتمە ئێرە و بینیم مووشەک لێیداوە، کێ لێرە بوو؟ کەسێک لێرە بوو؟ نەخێر! هەندێک کەس لێرە بوون، 10 بۆ 15 ژن و پیاو و منداڵ لێرە بوون، سوپاس بۆ خوا کەس هیچی بەسەرنەهاتووە، ئەوە لە هەموو شتێک گرنگتر بوو."
 
بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی ئەمریکی CPT، تورکیا لە 15ی حوزەیرانەوە 285 جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچە سنوورییانە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە CPT دەڵێت، "ژمارەی ئەو خێزانانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە 15ی حوزەیرانەوە ئاوارە بوون، زیاتر لە 200 خێزانە، کە بەگشتی دەکەونە گوندەکانی بەری گارە، قەزای ئامێدی، ناحیەی کانی ماسێ، بەشێکی دیکە لەو گوندانە گوندەکانی گوهەرزێ، بەرچێ و کانێ و ئاشکی دێرێ و گوهەرزێن."
 
بەشێک لەو خەڵکەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە لەو گوندانە رۆشتوون، ئاژەڵ و پەلەوەریان لە گوندەکانیان جێهێشتووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە