رووداو - سیدەکان
پێشنیوەڕۆی هەینی 12ی تەممووز، لەکاتی تۆپبارانی تورکیادا هاونیشتمانییەکی دەڤەری برادۆست پارچەیەک تۆپ بەر قۆڵی کەوت و بریندار بوو، بۆ چارەسەرکردن هاونیشتمانییەکە گەیێندرایە نەخۆشخانەی سیدەکان.
دکتۆر کاروان فەیسەڵ، بەرپرسی بنکەی تەندروستیی سیدەکان دەڵێت، "تەنها یەک بریندار گەیێندراوەتە نەخۆشخانەکەمان، چارەسەری سەرەتاییمان بۆ کردووە و ئێستا تیشکی بۆ دەگرین، ئەگەر شکانی هەبێت و پێویست بێت رەوانەی سۆران دەکرێت، ئەگینا لێرە دەهێڵدرێتەوە تاوەکو دۆخی تەندروستیی باشتر دەبێت."
تۆپبارانەکە نێو ماڵی هاونیشتمانییانی کردووەتە ئامانج، جگە لەو بریندارە، کچێکی دیکەش بە سووکی بریندار بووە.
حەکیم رەسوول، باوکی بریندارەکە دەڵێت، "چووبوون ئاژەڵەکان بدۆشن، هاوەنێک وەناویان کەوتبوو، کچێکیشم بەردێک بەر تەنیشتی کەوتووە، بەڵام ئەو نەهێندراوەتە نەخۆشخانە."
هەمزە رەسوول، هاونیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەر لە کوێستانی لۆلان تاوەکو هەموو سنوورەکە و ئەو شوێنانەی ئاژەڵداری لێن، تەنیا ئاگر دەبارێت، شەو و رۆژ گرم و گرم، بە رۆژ فڕۆکە و بە شەویش تۆپباران."
لە ئاسمانی سنوورەکە، بەردەوام فڕۆکەی چاودێری دەسوڕێنەوە، لەسەر زەویش دووکەڵی سووتانی ژینگە و سرووشت بەرز دەبێتەوە.
بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر و پانتایی 50 کیلۆمەتر سوپای تورکیا هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و بنکەی سەربازیی نوێی لە بەرزاییەکانی سنوورەکە لە هەشت بنکەوە بۆ 10 بنکە زیاد کردووە.
کوێستانەکانی خنێرە، لۆلان، شەکیو، سەقەر و بەربزین چوار رۆژە بەردەوام تۆپباران و بۆردوومان دەکرێن.
درێژەکێشانی ئەم دۆخە و بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپباران ئەگەری ئاوارەبوونی خێزانە نیشتەجێبووەکانی سنوورەکەی لێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ