رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى کاتیى پەرلەمانى عێراق بڕیارێکى پارێزگارى پێشووى کەرکووک بە وەکالەت بە "نایاسایی" دەزانێت، کە داوای لادانی سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى شارەکە و راگرتنى کارەکانی دەستەکەی کردبوو.
ئەو بڕیارەى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیى پەرلەمانى عێراق لە نووسراوێکدا بووە کە نازم ساعیدى، بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى لە 9ى تەممووز ئاڕاستەى دەستەى نیشتمانیى وەبەرهێنانى عێراقى کردووە.
راکان جبووری کە ئەوکات پارێزگارى کەرکووک بوو بە وەکالەت، لە 6ى حوزەیراندا نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک کردووە، تێیدا داوا دەکات، کارى ئەنجوومەنى دەستەکە رابگیرێت و سەرۆکى دەستەکەش لەسەر کار لابدرێت.
دلێر زێدان، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووکە لە پشکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، ئەو پرسە کێشەى خستە نێوان فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگا و راکان جبوورى.
لە نووسراوەکەى نووسینگەى مەندەلاویدا هاتووە، ئەو بڕیارەى دراوە لەبارەى کشاندنەوەى متمانە لە سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک و مۆڵەت نەدان بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، "نایاسایی" بووە.
پاساوى ئەو نووسراوە لە دژى بڕیارەکەى راکان جبوورى ئەوەیە، ئەنجوومەنى پارێزگا، سەرۆک و پارێزگارى هەڵنەبژاردووە و پارێزگارى بە وەکالەت دەسەڵاتى دەستووریی نییە بۆ راگرتنى کارەکانى ئەنجوومەنى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک و کشاندنەوەى متمانە لە بەڕێوەبەرەکەى.
دلێر زێدان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دەزانم ئەو نووسراوە کراوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی پێمان نەگەیشتووە."
راکان جبوورى لە نووسراوەکەیدا ئاماژەى بەوە دابوو، بۆ ئەو بڕیارە واژۆى 9 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا کۆکراوەتەوە، تاوەکو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا نەکرێت و دەنگ لەسەر سەرۆک و ئەندامانى نوێى نەدرێت، مۆڵەتى پڕۆژەکان رابگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ