رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەو ژنەی هاوژینەکەی ویستبووی لەگەڵ پێنج منداڵەکەی ئاگریان تێبەربدات لە شوێنێکی پارێزراودان و تەندروستییان باشە. فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ تۆمەتبار دەرچووە.
عەقید عەدنان داوود، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی ژنێک لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە داوای بەهاناوەچوونی کردبوو، بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی تووندوتیژی بووەتەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە و هەوڵی سووتاندنی خۆی و پێنج منداڵەکەی داوە، بەهانایانەوە چووین و رزگارمان کردن."
بەپێی قسەی ئەو ژنە، پیاوەکەی دوای ئەوەی سووتەمەنیی پێدا کردوون، هەوڵیداوە ئاگریان تێبەربدات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی کەرکووک دەشڵێت، "ئێستا ئەو شەش کەسە لە دۆخێکی دەروونیی باشدان، لە شوێنێکی پارێزراودان و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە."
بە گوتەی ئەو ئەفسەرە، ژنەکە لە لای پۆلیس گوتوویەتی، پیاوەکەی پێشتر چەند جارێکی دیکە لە خۆی و منداڵەکانی داوە.
پیاوەکە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو شەش ئەندامەی خێزانەکەی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.
رۆژی 10ی مانگی رابردوو میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند، "لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 13 هەزار و 857 سکاڵای تووندوتیژیی خێزانیمان تۆمار کردووە، سکاڵاکان جۆراوجۆرن، بەڵام لەنێویاندا زۆرترین سکاڵاکان تووندوتیژیی جەستەیی بوون."
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، بە تێکڕا مانگانە 2771 سکاڵا، رۆژانە 91 سکاڵا و لە هەر کاژێکیشدا نزیکەی چوار سکاڵا تۆمار کراون.
جگە لە تووندوتیژیی خێزانی، جیابوونەوەی هاوژینانیش زیادی کردووە، بەپێی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 537 جیابوونەوەی هاوژینان لە دادگەکانی عێراق تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ