نزیکەی 10٪ی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە

12-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 358 هەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران وەنەرگیراوەنەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 10٪ـی کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کارتی بایۆمەتریی لە عێراق و وەرگرتنەوەی تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئەم مانگە لە رێگەی ئۆفیسەکانییەوە دەستخراون، بڵاوکردەوە.
 
بەپێی ئامارەکان لە کۆی دوو ملیۆن و 519 هەزار و 705 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان، تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تەنیا 724 هەزار و 35 کارتیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە وەرگیراونەتەوە، ئەوانەی ماونەتەوە یەک ملیۆن و 795 هەزار و 670 کارتن. واتە زیاتر لە 71٪ـی کارتەکان وەرنەگیراونەتەوە.
 
لە کۆی یەک ملیۆن و 795 هەزار و 670 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە وەرنەگیراونەتەوە، رێژەی کارتەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە 358 هەزار و 460 کارتە، 19٪ـی کۆی کارتە وەنەگیراوەکانی عێراق دەکات.
 
ئامارەکانی کۆمیسیۆن لەبارەی کارتی بایۆمەتریی پەیوەست بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر
 
کۆی گشتی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان: 349 هەزار و 639 کارت
 
کارتی وەرنەگیراوە: 184 هەزار و 801
 
سلێمانی
 
کۆی گشتی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان: 301 هەزار و 696 کارت
 
کارتی وەرنەگیراوە: 122 هەزار و 479 کارت
 
دهۆک
 
کۆی گشتی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان: 167 هەزار و 662 کارت
 
کارتی وەرنەگیراوە: 51 هەزار و 180 کارت
 
بەغدا زۆرترین کارتی وەرنەگیراوەی بایۆمەتریی دەنگدانی هەیە کە زیاتر لە 804 هەزار کارت دەبێت، دوای ئەو  پارێزگای هەولێر بە زیاتر لە 184 هەزار کارت و پاشان سلێمانی بە 122 هەزار کارت لە ریزبەندەکانی دووەم و سێیەم دێن.بەسرە بە 121 هەزار کارت، زیقار بە 87 هەزار و نەجەف بە 79 هەزار کارت لە دوای ئەوان دێن.
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەربگرنەوە، چونکە بەوە دەتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، بەتایبەت کە نزیکترین هەڵبژاردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بۆیە دەبێت پەلەبکرێت و خەڵک زیاتر بەدەم داواکاریی کۆمیسیۆن و وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەترییەوە بچن."
 
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە ئەو کەسانەی بایۆمەتریان کردووە و لیستی دەنگدانیان نوێکراوەتەوە 2 ملیۆن و 901 هەزار و 80 کەسن.
 
رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە