گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور: بڵاوکردنەوەی ناوی دامەزرێندراوان ناڕاستە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوچەی یەکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی ناوی ئەو کەسانەی فۆرمیان بۆ دامەزراندن لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور پڕکردووەتەوە، رایگەیاند، هیچ شتێکی نوێ نییە و ئەوەی بڵاودەکرێتەوە نافەرمییە.
عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور لە هەرێمی کوردستان (چوارشەممە، 12-7-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەیەکە ژمارەیەک پەیج و لایەن و کەس، لیست بڵاودەکەنەوە گوایە ناوی ئەوانەیە، کە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور دامەزرێندراون". بەڵام رەتیکردەوە ئەو لیستانە راست بن و گوتی: "ئەو لیستانەی بڵاودەکرێنەوە ناڕاستن و نافەرمین و هیچ شتێکی فەرمی نییە و بڵاونەکراوەتەوە، هەرکاتێک لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە لیستەکانمان پێگەیشت، بڵاویان دەکەینەوە".
عەقید کاروان خۆشناو، گوتی "هەر کاتێک پرۆسەکە تەواو بوو، ناوەکان لە سێ پەیجی فەرمی هەن بڵاودەکرێنەوە، پەیجەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پاسەوانی سنوور و بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی خۆبەخش، جگە لەو سێ شوێنە، ئەو شوێنانەی دیکە نافەرمین".
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراندنی پاسەوانانی سنووری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 16-01-2023 لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کاراکرا و، رۆژی 18-01-2023 کاژێر 12:00ـی شەو راگیرا.
دامەزراندنی ئەو پاسەوانانە تایبەتە بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتین لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت.