ئەو دوو بازرگانەی مادەی هۆشبەر کە لە دهۆک هەڵاتن، لە ئامێدی دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو بازرگانەی مادەی هۆشبەر، کە چەند رۆژ لەمەوپێش لە دهۆک لە دەست پۆلیس هەڵاتن، ئەمڕۆ دەستبەسەر کران؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، یەکێک لە دەستبەسەرکراوان بریندارە.
رۆژی چوارشەممە 12-07-2023، ئاسایشی دهۆک و لایەنە ئەمنییەکان، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە ناحیەی سەرسینگی قەزای ئامێدی، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستبەسەر کرد، کە یەکێکیان کچە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مدیایی رووداو، ئەم دوو بازرگانەی مادەی هۆشبەر، کە دەستبەسەر کراون، هەر ئەو دوو کەسە بوون کە چەند رۆژ لەمەوپێش لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەگەڵ پۆلیسی دهۆک، هەڵاتن و خۆیان حەشار دا.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەوە گوتی "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ئاسایشی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە دهۆک، توانرا بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر بکرێت".
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ سێ تۆمەتباری دیکەش دەرچووە "بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکە لەدەست یاسا هەڵاتوون و بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی زاخۆ، بە زووترین کات دەستبەسەر دەکرێن".
شایەتحاڵێکی هەڵاتنی دوو بازرگانەکەی مادەی هۆشبەر بە رووداوی گوت "پیاوێک بە چەکەوە هات و گوتی هەر کەسێک لێم نزیکبێتەوە تەقەی لێدەکەم. کچێکیش دەمانچەیەک و نارنجۆکێکی بەدەستەوە بوو و گوتی هەر کەسێک لێم نزیک بێتەوە نارنجۆکەکە دەتەقێنمەوە''.
هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک دەڵێت، ئەم دوو دەستبەسەرکراوەی ئەمڕۆ، دوای هەڵاتن لەدەست لایەنە ئەمنییەکان، چەند رۆژێک بوو لە شووقەیەکدا لە ناحیەی سەرسینگ خۆیان حەشار دابوو و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، یەکێک لە دەستگیرکراوان گوللە بەر قاچی کەوتووە و بە سووکی بریندار بووە.
بەگوتەی پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک، باندەکە لەوە بەربڵاوترە و لە بەدواداچوون بۆ دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی ئەم گرووپە، بەردەوامن.
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی مادەی هۆشبەری سەر بە پارێزگای دهۆک لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، 71 ئۆپەراسیۆنیان دژی فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر کردووە، کە 323 کەس دەستبەسەر کراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا هەروەها دەستگیراوە بەسەر 298 کیلۆ و 507 گرام سکانک، 123 کیلۆ و 706 گرام حەشیش، 9 کیلۆ و 570 گرام میتامفیتامین، 12 هەزار و 235 گرام حەشیشەی رەگ، 1 کیلۆ و 7 گرام هیرۆیین، 12 گرام کۆکایین، 1295 مادەی هۆشبەری دەستکرد، 334 حەبی هۆشبەر، 5 تەرازوو، 7 دەمانچەی بێ مۆڵەت و 64 فیشەک.