لە ئاکرێ مێرمنداڵێک "بە هەڵە" لەلایەن ئامۆزاکەیەوە دەکوژرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سەر بە قەزای ئاکرێ، مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ لەلایەن ئامۆزایەکییەوە بە چەکی کلاشینکۆف کوژرا. قایقمامی ئاکرێ دەڵێت، هێشتا هۆکاری کوشتنەکە نەزانراوە.
 
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-07-2023) لە گوندی چەمەسماقی سەر بە ناحیەی بجیلی سنووری قەزای ئاکرێ روویداوە، مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ بەناوی سەرکەوت شاکر عومەر، بەدەستی ئامۆزایەکی خۆی کوژرا.
 
شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاکرێ ئەمڕۆ بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو مێرمنداڵە بە چەکی کڵاشینکۆف کوژراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی نەزانراوە." گوتیشی: "تەرمەکەی ئێستا لە دادپزیشکی دهۆكە و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە". 
 
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رووداوەکە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ روویدا، سەرکەوت لەگەڵ ئامۆزایەکی هاوتەمەنی خۆی چوونەتە مەزاری بجیل، لەوێ ئامۆزاکەی بە هەڵە تەقەی لێکردووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
 
بەگوتەی شایەتحاڵەکە، خەڵکی گوندەکانی دەڤەری سورچیان بە نۆرە پارێزگاری لە مەزاری شێخ ئەحمەد یان مەزاری بجیل دەکەن، ئەو دوو مێرمنداڵەش بۆ ئەم مەبەستە چوونەتە مەزارەکە.