رووداو - دهۆک
بەشێک لە بەرهەمی نێوخۆی پارێزگای دهۆک بەناوی عێراقەوە هەناردەی وڵاتان دەکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تورکیا رێگە نادات ئەگەر بەناوی ئەو وڵاتەوە نەبێت کە لێوەی بەرهەم دێت. تەحین و هەناریش لە پارێزگاکە زۆرترینیان لێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
لە یەکێک لە کارگەکانی تەحین لە سنووری ئامێدی، بەهۆی زیادبوونی خواستەوە لەسەر تەحینی ئامێدی، ئێستا لە هەموو بەرهەمەکانی دیکە زیاتر بۆ دەرەوەی هەناردە دەکرێت.
ئەیوب بەیاز، خاوەنی کارگەی تەحین لە ئامێدی دەڵێت، سێ ساڵە تەحین دەنێرنە دەرەوە، لە سەرەتاوە پێنج تۆنیان هەناردە دەکرد، دواتر بووە 10 تۆن و ئێستاش بۆ سێ جارە 20 تۆن دەنێرن. هەروەها باسی لەوەش کرد کە بە رێگەی وشکانی بەرهەمەکەیان هەناردە دەکەن و ئەمجارە بە باخیرە هەناردەیان کردووە.
بەگوێرەی داتای یەکێتیی هەناردەکارانی دهۆک، لە شەش مانگی رابردوودا بەرهەمی ناوخۆ لە پارێزگای دهۆک بەمشێوەیە هەناردەی دەرەوە کراون:
تەحین و هەنار: هەریەکەیان 600 تۆن
چەرەزات: 300 تۆن
برنجی کوردی: 180 تۆن
چپس، ساس و عەمبەر: 120 هەزار کارتۆن
هەنجیر، مێووژ، قەیسی و هەنگوین: 450 تۆن
شیرینی: 200 تۆن
توورشی: 200 تۆن
بەشێک لە هەناردەی بەرهەمەکانی دیکەی وەکو قاوە، بنێشت و لفکە هێشتا قەبارەیان دیارنییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ