رووداو - سەیدسادق
لە سنووری سەیدسادق لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا سەدان تووشبووی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەی سەیدسادق تۆمارکراون. یەکێک لە تووشبووەکان منداڵێکە و دەڵێت، بەبێ ئاگاداریی دایک و باوکی ئاوی تانکیی سەربانی خواردووەتەوە و بەهۆیەوە تووشی سکچوون بووە.
حاجی ئەحمەد عەزیز، یەکێکە لە تووشبووەکانی سکچوون و رشانەوە لە سەیدسادق، ئەو دوای ئازار و سکچوونێکی زۆر چووە نەخۆشخانە و دەڵێت، "تامی ئاوەکەمان زۆر ناخۆش بوو کە خواردمەوە، لە یەک شەودا پێنج بۆ شەش جار چوومەتە توالێت."
لەنێو ژوورەکانی دیکەی نەخۆشخانەکەدا، مانەوەی نەخۆش زۆرینەی هەر بەهۆی تووشبوونیان بە سکچوون و رشانەوە هێڵدراونەتەوە. محەممەد دانیشتووی هەمان گەڕەکی حاجی ئەحمەدە، دوو رۆژە لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر ماوەتەوە. ئەو بەهۆی خواردنەوەی ئاو و میوەی نەشۆردراوەوە تووشی ئازاری پەتاکە بووە.
محەممەد تۆفیق، تووشبووی سکچوون دەڵێت، "ئاوی بەلوعەی تانکیی سەربانم خواردەوە، کە دایک و باوکم ئاگادار نەبوون، ئەوە هۆکارەکەی بوو."
مانگی رابردوو لە سەیدسادق 548 تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆمار کراون، بەڵام بەپێی ژمارەی تووشبووانی ئەم مانگە بێت، تووشبووەکان بۆ دوو هێندە زیاد دەکەن. زۆرینەی تووشبووەکانیش تەمەنیان لە سەروو 15 ساڵەوەیە.
سەرکان ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت حاجی موشیر لە سەیدسادق لەبارەی هۆکاری تووشبوونەکان گوتی، "ڤایرۆسین، کە سەرچاوەکەی ئاوی پیس و خواردنی پیسە."
جەبار عەزیز، دانیشتووی گەڕەکی بەرکێو دەڵێت، "ئاوی ئەم شارە هەمووی پیسە، هەموو تانکییەکانی رزاندووە، دەبێت ساڵانە بیگۆڕین."
رەزا محەممەد، قایمقامی قەزاکە باسی لەوە کرد، سەرچاوە ئاوییەکانی شارەکە پاک و لەژێر چاودێریدان، کەسیش نەیگوتووە هۆکار پیسبوونی سەچاوە ئاوییەکانن، "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە لەلایەن لیژنەکانمانەوە، کە هۆکار پیسیی سەرچاوە ئاوییەکان بێت، چونکە هەموو کات چاودێریی دەکەین، بەڵام رەنگە هۆکار پیسبوونی تانکیی ماڵەکان خۆیان بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ