حاجییەکی دیکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە دەڵێت، شەشەمین حاجی خەڵکی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییکرد.
بەگوتەی کاوە شێرزادی، بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە، ئەو حاجییە ناوی عەلی نەجیبییە، 84 ساڵ تەمەنی بووە، خەڵکی شاری سنە بووە و رۆژی سێشەممە 11-7-2023 کۆچی دواییکرد.
کاوە شێرزادی دەڵێت، گەرمای ئەمساڵی سعودیە لە 25 ساڵی رابردوودا بێوێنە بووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی نەخۆشکەوتنی ژمارەیەکی زۆر حاجی.
بەپێی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە 87 هەزار و 550 کەس چوون بۆ حەج. هەزار و 340 کەس لەوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە بە نۆ کاروان چوون.
تاوەکو ئێستا 9 حاجی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە؛ شەش کەس لەوان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی بانە، دیواندەرە، مەریوان و روانسەر بوون.
گەڕانەوەی حاجییان چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە و بڕیارە دوایین کاروان 24-7-2023 بگەڕێنەوە ئێران.