رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانگاکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، نزیکەی 35%ی زێڕی ئێران لەو پارێزگایەدا بەرهەمدێت و بەشی زۆریشی لە کانگای زێڕی زەڕەشۆرانی سەر بە شاری تیکابە.
عەبدولحەمید سەرتیپی، بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانگاکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند 0.5%ی زێڕی جیهان لە پارێزگای ورمێیە و بەو بۆنەیەشەوە ئەو پارێزگایە وەکو پارێزگای زێڕینی ئێران ناودێر کراوە.
سەرتیپی باس لەوە دەکات، مەزەندە دەکرێت لە پارێزگای ورمێ نزیکەی 200 ملیۆن تۆن بەردی کانگایی زێڕ هەبێت و ئەگەر پرۆژەکانی پەرەپێدان گرنگییان پێبدرێت، پارێزگای ورمێ دەتوانێت ببێتە بەرهەمهێنەری سەرەکیی زێر، زیو و جیوە.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی و کانگاکانی پارێزگای ورمێ، لەو پارێزگایەدا 518 کانگای مۆڵەتپێدراو هەن، کە ساڵانە زیاتر لە 18 ملیۆن و 294 هەزار تۆن ماددەی کانزاییان لێ بەرهەم دەهێندرێت و پێنج هەزار و 250 کەسیش کاریان تێدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ