جووتیارانی ئاکرێ گلەیی لە هەرزانی نرخی تەماتە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا هەرزان دەبن، تەماتەش یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە نرخەکەی هەرزانبووەوە و ئەوەندە پارە ناکات جووتیاران بۆ کاری کشتوکاڵیی هانبدات. جووتیارێک دەڵێت، زۆر ماندوودەبن و بەرهەمەکانیان پارەیەکی باش ناکەن. وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە هەوڵدان بۆئەوەی بەرهەمی خۆماڵی لەڕێگەی کۆمپانیا نێوخۆییەکان هەناردەی دەرەوەی عێراق بکەن.
 
لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە جووتیارانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک تەماتە بە 200 دینار دەفرۆشن، ئەمەش کێشەیەکە کە ساڵانە رووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە و چارەسەرنەکراوە. 
 
محەممەدەمین ئاڤدەل، جووتیارێکی خەڵکی ئاکرێیە و دوو ساڵە، دوو دۆنم و نیو زەوی دەکات تەماتە. رۆژانە دوو تۆن تەماتە دەخاتە بازاڕ و بە هەرزانی دەیفرۆشێت، وەکخۆی دەڵێت، پارەی ئارەقی ناوچەوانی بۆ نامێنێتەوە.
 
گومرگی میوە و سەوزە لە ئاکرێ پڕبووە لە بەرهەمی تەماتە و یەک سندووقی بە دوو هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەر سندووێکیش 10 تاوەکو 12 کیلۆی تێدایە. واتە کیلۆیەک تەماتە بە 200 دینارە، جگە لە کرێی گواستنەوەی کە لەسەر خودی جووتیارەکانە.
 
حەجی حەمید، جووتیار دەڵێت، "پێش پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە، دوو سندووق بە 15 بۆ 20 هەزار دینارە، ئێستا دوو سندووق بە چوار هەزار دینار دەفرۆشین، سندووقی بەتاڵ بە 400 دینار دەکڕین و پارەی گومرگیش دەدەین، کەواتە هەزار دینار بۆ ئێمە نامێنێتەوە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی جووتیاران لە بێ بازاڕی گرێبەستی لەگەڵ کارگەکانی هەریر و شارەزوور کردووە بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە. هەروەها لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر خەتن بۆ هەناردەکردنی تەماتە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق. ئێستاش لە هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی تەماتە بۆ دەرەوەی عێراق. 
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە چوارچێوەی ھەوڵەکانمان ئێستا خەریکی ئەنجامدانی گرێبەستێکین لەنێوان کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کۆمپانیەیەکی دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمەکان بە کوالێتییەکی باش بیگەیێنینە بازاڕەکانی دەرەوەی وڵات، بۆیە ئومێددەکەین لە ھەنگاوەکانمان سەرکەوتووبین، چونکە ھەنگاوی پراکتیکین."
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 191 هەزار و 545 تۆن تەماتەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نێوخۆ. هەر ساڵێکیش نزیکەی 100 هەزار تۆن تەماتە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەی دیکەش کە دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت.