عەرەبی کەرکووک دژی دانانی پارێزگارێکی کورد گردبوونەوە


رووداو - کەرکووک 

لەسەر داوای لایەنە عەرەبییەکان دەیان کەس لەبەردەم پارێزگای کەرکووک گردبوونەوە و دەڵێن"رازی نین کوردێک بکرێتە پارێزگار".

رەملە عوبەیدی، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت " دەبێت گفتوگۆ بناخەی هەڵبژاردەکە بێت، پێویستە گفتوگۆ لەنێوان نوێنەرانی راستەقینەی نەوەکانی کەرکووک هەبێت کە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگان، دەبێ ئەو کەسەی دیاریدەکرێت عێراقی بێت و خزمەتی پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی نێوان پێکهاتەکان و دژایەتی گەندەڵانە بکات کە لە پارێزگاکەن".

حیزبە تورکمانییەکان رۆژی شەممە بۆ راگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنەکان ئەنجام دەدەن، لەنێو تورکمانەکان لەسەر ئەو پرسە چەند ئاڕاستەیەک جیاواز هەن
بەڵام هەمووان یەک داواکارییان هەیە کاتێک رێکدەکەون پۆستەکان دابەشبکرێن و پارێزگار ئەوان بێت، هاوکات گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی کوردی رەتناکەنەوە.

رۆژی سێشەممە لێژنە بڕیار لێدراوەکەی پارتی و یەکێتی پێکدەهێنرێت، لە پارتی ئومێد سەباح و لە یەکێتی خالید شوانی سەرۆکایەتی لێژنەکە دەکەن، دوو ئەندامی فراکسیۆنی برایەتیش لەنێو لێژنەکە دەبن. یەکەم دیداریان لەگەڵ تورکمان و دواتر لەگەڵ عەرەب کۆدەبنەوە.

لێژنەکە بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکەی ساڵی 2011 بەپێی کورسییەکانی ئەنجوومەن پشکی پێکهاتەکان دیاریبکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پۆستەکانی کەرکووک بەم جۆرە دابەشدەکرێن: بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقامییەتی ناوەند بۆ کوردە و لەنێو کوردیش دەدرێتە پارتی. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ تورکمان و جێگری پارێزگاریش بۆ عەرەب دەبێت. بەڵام تاوەکو ئێستا لێژنەکە میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکانیان نەخستووەتە نێو ئەو پڕۆژەیەی دانوستاندنی پێدەکەن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە.