ئامانج رەحیم: کار دەکەین بۆ ناردنە دەرەوەی یەکەمی بەشەکان

رووداو- هەولێر

سکرتێری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاردەکەم بۆ ئەوەی سێ یەکەمەکانی ئامادەیی لە گشت بەشەکان و لەسەر خەرجی حکومەت کورسی خوێندیان لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان بۆ دەستەبەر بکرێت".


رۆژی سێشەممە 12-7-2016 ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12 و 9-ی بنەڕەتی بڵاوکرایەوە و ناوی یەکەمی بەشەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا.

لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی شەوی سێشەممە 12-7-2016 کە دوو یەکەمی بەشی وێژەیی و یەکەمی بەشی زانستی تێیدا بەشداربوون، ئەحمەد عەباس یەکێک لەو قوتابیانەی کە توانیویەتی ببێتە یەکەمی بەشی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت کرد خوێندکارە یەکەمەکان بنێرێتە دەرەوەی وڵات بۆ درێژەدان بە خوێندن.

د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "هەر لە سبەینێوە کاردەکەم لە شوێنی خۆمەوە بەپێی توانا لەگەڵ هاوەڵەکانم لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان کە بە لانی کەم سێ یەکەمەکانی ئامادەیی لە گشت بەشەکان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە سەر خەرجی حکومەتی هەرێم، کورسی خوێندنی بەکالۆریۆسیان لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا بۆ دابین بکرێت".

ئامانج رەحیم رایدەگەیێنێت: "یەکەم بوون تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، ئێوە جێگەی شانازیین، سەری کەسوکار و شار و کوردستانەکەتان بەرزکردەوە".