پارێزگاری کرماشان: هەوڵی بەجیهانیکردنی ئەسپی کوردی دەدەین

12-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن ئەسپی کوردی لەسەر ئاستی جیهان بە فەرمی تۆمار بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، لە کاتی سەردانی شاندی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، باسیان لەو بابەتە کردووە.
 
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رۆژی سێشەممە باسی سەردانی شاندی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەو سەردانەدا باسی تۆمارکردنی ئەسپی کوردی لەسەر ئاستی جیهان کرا.
 
سەحرایی ئاماژەی بەوەش کرد بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن، "تۆمارکردنی ئەسپی کوردی لەسەر ئاستی جیهان تەنیا بۆنەیەکی رۆتین و رێوڕەسمی نییە، بەدوایدا فێستیڤاڵ و بۆنەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بکرێتە جیهانی زیاتر لە 30 جۆر دەرفەتی کاری بەرهەمدار و بەسوود دەڕەخسێنێت."
 
ئەسپی کوردی زیاتر لە کرماشاندا بەخێودەکرێت، بەڵام لە سنە، ورمێ و لوڕستان و لە هەندێک لە پارێزگاکانی ئێرانیشدا هەیە.
 
لە ئاستی ئێراندا ئەسپی کوردی تۆمار کراوە، هەندێک هەوڵیش هەن کە لە ئاستی جیهانیشدا تۆمار بکرێت، بۆئەوەی رێگە لە لەنێوچوونی بگیرێت و پەرەشی پێبدرێت.
 
پار بۆ زیاتر ناساندنی ئەسپی کوردی، دوو فێستیڤاڵ لە کرماشان و سلێمانی بەڕێوەچوون.
 
بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ئەسپی کوردی لە رەسەنترین، خۆڕاگرترین و بەتواناترین جۆرەکانی ئەسپە و سێ جۆری سەرەکیی بە ناوەکانی جاف، ئەفشاری و سەنجاوی هەیە. ئەسپی کوردی لە کوردستان و چەندین ناوچەی دیکەی جیهانیش بەخێودەکرێن.
 
ئەسپی رەسەنی کوردی ئەسپێکە کە بە سەر، مل، چاو، کلک و پێیەکانی لە رەگەزەکانی دیکە جیادەکرێتەوە و بە بەهێزییەکەی بەنێوبانگە، لە رابردوودا بۆ کاری سەخت و لە شەڕەکاندا بەکارهاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە