کوردستان
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت: "هەنگاوی داهاتوو ناردنی ناوی فەرمانبەرانە لەلایەن وەزارەتەکانەوە بۆ شارەوانییەکان."
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رێکارێکی دیکەی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران گرتەبەر و کۆمەڵێک داواکاری و رێکاری بۆ شارەوانییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی خستووەتەڕوو، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیانیش دەڵێت: "هەنگاوی داهاتوو ناردنی ناوی فەرمانبەرانە لەلایەن وەزارەتەکانەوە بۆ شارەوانییەکان."
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2024، نووسراوێکی بە ناونیشانی "بەرزەفتەی پلانسازیی دابەشکردنی زەوی" ئاراستەی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان کردووە.
نووسراوەکە وردەکاریی تەرخانکردنی زەویی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تێدایە و داوایکردووە خاڵەکان جێبەجێ بکرێن لەپێناو ئاسانکردن و خێراکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی دابەشکردنی زەوی.
بەگوێرەی نووسراوەکە:
1- ئەگەر زەویی پێشنیازکراو لەناو سنووری شارەوانی بەپێی ماستەرپلانی پەسندکراو بەردەستبوو، پاڵپشت بە رێنماییەکان نەخشەی کەرتی بۆ ناوچەکە ئامادە دەکرێت بە رەچاوکردنی خاڵەکانی هاتوو لەم کۆنووسە.
2- ئەگەر زەویی پێشنیازکراو لەناو سنووری ماستەرپلانی پەسندکراو بەکارهێنانی نیشتەجێبوون نەبوو و پێویستی بە گۆڕینی بەکارهێنان و هەمواری ماستەرپلان هەبوو، پێویستە بە وردی دیراسە و شیکردنەوی ئەو گۆڕانکارییە و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە بکرێت و رەزامەندی پلانسازی پێویست لە چوارچێوەی یاسا و رێنمایی و رێکارە یاساییەکان بۆ وەربگیرێت، لە ماوەیەکی دیاریکراو دواتر بەپێی روونکردنەوەی خاڵی یەک، نەخشەی کەرتی ئامادەبکرێت.
3- ئەگەر زەوی پێویست بەردەست نەبوو لەناو سنووری شارەوانی و ماستەرپلان و پێویستی بە فراوانکردنی سنووری شارەوانی و ماستەرپلان هەبوو، پێویستە پێشنیازی گونجاو بۆ فراوانکردنەکە ئامادە بکرێت، بەرەچاوکردن و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و پلانسازی و وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەبارەی زەوییەکان لەرووی رووپێوی، ژمارە، رووبەری زەوی، جۆری خاوەندارێتی، رەگەزی زەوییەکان و دابەزاندنی نەخشەی کادسترۆ لەسەر نەخشەی بنەڕەتی یان پلاندانان.
4- لەدوای تەواوکردنی رێکارە پلانسازی و یاساییەکان پاڵپشت بە مادەی هەشت لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە شەشی ساڵی 1993 بۆ فراوانکردنی سنووری شارەوانی، نەخشەی کەرتی بەپێی خاڵی یەک ئامادە دەکرێت.
5-ئەو شارەوانییانەی ماستەرپلان"نەخشەی بنەڕەتی"ی پەسەندکراویان نییە، پێویستە پێشنیازی شوێنی گونجاو لەناو سنووری شارەوانی یان فراوانکردنی سنووری شارەوانی بکەن و راپۆرتێکی شیکاری ئامادەبکەن بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی رەهەندە کاریگەر و پەیوەندیدارەکان بەناوچەی نیشتەجێبوون لەشاردا.
6- خەمڵاندنی رووبەری زەویی پێویست لە هەر شارەوانییەک پاڵپشت بە ئامار و ژمارەی فەرمانبەرانی شایستە دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەم مەرجانەی لای خوارەوە، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی مادەی پێنج لە رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2024 :
-رووبەری هەر پارچە زەوی نیشتەجێبوون کە 200 مەتر دووجا و 8*25 مەتر دووجا درێژی و پانی پارچە زەوییەکانە لە سەرجەم شارەوانییەکانی شار و شارۆچکەکان.
- درێژی بلۆکی نیشتەجێبوون لە 200 مەتر دووجا زیاتر نەبێت.
- پانی شەقام"کۆڵانەکان" بۆ ناو شار و قەزا و ناحییەکان لە 12 مەتر کەمتر نەبێت بە رەچاوکردنی پۆڵێنی شەقام.
- کشانەوە بۆ پارچە زەوییەکان بۆ شەقامی سەرەکی 3.5 مەتر و بۆ شەقامی لاوەکی یەک مەتر کەمتر نەبێت بۆ ناو شار و قەزا و ناحیەکان.
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی لەو نووسراوەدا هاتووە پێشتر لەلایەن سەرجەم شارەوانییەکانەوە جێبەجێکراون، بەشێکی کەمیان نەبێت، بۆیە ئامادەکاریی تەواوکراوە و ئێمە راپۆرتی خۆمان بۆ وەزارەتی شارەوانی ناردووە و چاوەڕوانین وەزارەتی شارەوانی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و لێژنەی باڵای بکات."
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان، ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی دیکە بۆ خێرا دابەشکردنی زەوی ناوبرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا سێ کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵای حکومەت بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کراون، پێدەچێت ئەمساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشبکرێت."
شارەوانییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە نوێترین هەنگاو چاوەڕوانی وەزارەتەکان دەکەن بۆ ئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن ئەوانەی کە بەپێی ئەو رێنمای و خاڵانەی دیاریکراوە، شیاوی وەرگرتنی زەوین، دوای ناردنی لیستەکە، بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان بۆ وردبینی دەنێردرێنە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەشە تایبەتمەندەکان و دواتر دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت.
رۆژی 28ـی ئایاری 2024 ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، یەکێک لە رێنماییەکان کە بڵاوکرابوونەوە، دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا.
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت، نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەمشێوەیە دەبێت:
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا: 5 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان: 3 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان: 2 هەزار دینار دەبێت.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
رێنماییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، سێ مەرج دیاریکراوە کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ