رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە دهۆک، ئێوارەی ئەمڕۆ چوار کەس بە گوللە بریندار بوون، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 11 ساڵە.
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆکەوە رایگەیاند "پێش کەمێک لە نزیک پردی شۆڕش لەنێو بازاڕی دهۆک تەقە کرا، لەئەنجامدا دوو پۆلیس و پیاوێک و منداڵێک بە گوللە بریندار بوون."
بەگوتەی شاهێدحاڵەکان، ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە هاتووەتە خوارەوە و بە هەڕەمەکی، تەقەی کردووە.
برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە.
پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ پزیشکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کردووە، بەگوتەی ئەوان "بریندارەکانی دیکە مەترسی لەسەر ژیانیان نییە و گوللە بە پێ و رانیان کەوتووە."
بریندارەکان پێکدێن لە:
- شڤان جەلال تەمەنی 36 ساڵە و پۆلیسە
- سەرکەوت حاجی، تەمەنی 39 ساڵە و پۆلیسە
- یوسف سدیق تەمەنی 20 ساڵە
- محەممەد رەزوان، تەمەنی 11 ساڵە و ئاوفرۆشە
بەهۆی رووداوەکە، لەنێو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک قەرەباڵخییەکی زۆر دروست بووە.
هەتاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەو رووداوە نەزانراوە و کەسەکەی تەقەشی کردووە دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە دەستگیرکرا.
لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەمە دووەمجارە لە دهۆک تەقە دەکرێت. پێش دوو رۆژیش لەبەر دەرگەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی کەسێک پۆلیسێکی بریندار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ