رووداو دیجیتاڵ
ئومێد پاڵانی، پارێزەر و یاساناس بۆ جاری چوارەم خۆی بۆ هەڵبژاردن بەربژێرکرد. ئەو دەڵێت: لە پەرلەمانی کوردستان، دەبێتە دەنگی گەنجان و یاساناسان و سەربەخۆکان. دەشڵێت، تانە و تەشەر ساردی ناکەنەوە. بە گوتەی خۆی خەڵکێکی زۆر دەنگی پێدەدەن.
پارێزەر ئومێد پاڵانی، رۆژی سێشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2024، لە شاری هەولێر بەڵگەنامەکانی دایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و وەکو بەربژێری تاکەکەسی خۆی تۆمارکرد، ئەمە دەبێتە چوارەم جار خۆی بەربژێر دەکات.
پاڵانی بە رووداوی گوت: "پێشتر کە دەمزانی هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناکرێت و زەحمەتە؛ بایکۆتم کرد، بەڵام ئێستا هەڵبژاردن دەکرێت و دیارە هەمووان بەشداری تێدا دەکەن؛ بڕیارمدا خۆم کاندید بکەم، چونکە دەمەوێت ببمە دەنگی یاساناسان و گەنجان و سەربەخۆکان لە پەرلەمانی کوردستان."
ئەو کە خۆی بە"شایستەتر" لە زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێرکردووە دەناسێنێت، دەڵێت: "راستە من پێشتر سێ جار خۆم کاندید کردووە، (بۆ سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر) لە هیچیان دەرنەچووم، بەڵام لای من شکست نییە، ئەزموون و ئامانج هەیە."
ئەو پارێزەرە بەگوتەی خۆی، ماوەی 22 ساڵە لەنێوەندە یاساییەکاندا کاردەکات و 18 ساڵیشە پارێزەرە. ئەو پشتی بە دەنگی یاساناسان و پارێزەران، گەنجەکان و خەڵکانی سەربەخۆ بەستووە بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان. دەشڵێت، "خەڵکێکی زۆر دەنگم پێدەدەن."
ئومێد عەبدولسەلام قادر (ئومێد پاڵانی) لە ساڵی 1979 لە هەولێر لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە یاسادا هەیە و ئێستا پارێزەری راوێژکارە.
ئەو پێشتر سێ جار چانسی خۆی لە هەڵبژاردنەکان تاقیکردووەتەوە. یەکەمیان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019، بەڵام دەرنەچوو، هەروەها رۆژی 4-2-2021 سیڤی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر، پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کرد، لەو هەڵبژاردنەش دەرنەجوو. ساڵی 2022 جارێکی دیکە خۆی بەربژێر کردەوە، ئەمجارەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ئەمجارەشیان چانس یاوەری نەبوو.
ئومێد پاڵانی بە رووداوی گوت :"خەڵکێک هەن تانە و تەشەرم لێدەدەن، بەڵام ئەو قسانە ساردم ناکەنەوە و بەردەوام لەو ئامانجەی دەمەوێت پێیبگەم و ببمە پەرلەمانتار دەبمە دەنگی راستەقینەی خەڵک."
بهپێى فهرمانى ههرێميى نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بڕیاربوو خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژى 10ـی حوزهيرانى داهاتوو، بکرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک سکاڵای یاسایی لە دادگەی فیدڕاڵی و کێشەکانی پەیوەست بە کورسیی پێکهاتەکان و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە نەکرا، ئێستا کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ