کۆنسووڵی ئێران: دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی تاران و هەولێر بەهێزتر بووە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، دوای گەشتەکەی نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بووە و رۆژی هەینی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمساڵیش وەکو پار، زیارەتکارانی شیعە لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و باشماخ دێنە هەرێمی کوردستان و لەوێوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە باشووری عێراق دەکەن.
 
نەسروڵڵا رەشنودی گوتی: پار بەراورد بە پێرار، ژمارەی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هێندە زیاد بووەوە و ئەم ساڵیش پێشبینی دەکەن هاتنی زیارەتکاران لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییانەوە بە رێژەی 50٪ بەرز ببێتەوە.
 
گوتیشی: "پار لەگەڵ ئەوەی چاوەڕێمان دەکرد ژمارەیەکی زیاتری زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان بکەن، بەڵام بە پێی ئامارەکان نزیکەی 135 هەزار کەس لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتن. بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین ژمارەکە هەندێک بەرز ببێتەوە و بگاتە نزیکەی 200 هەزار کەس."
 
سەبارەت بە سەردانی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئیران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا دەکات و دواتر رۆژی هەینی، 14ـی مانگ دێتە هەولێر.
 
بە گوتەی نەسروڵڵا رەشنودی، ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانە کراون و دەڵێت: "پشت بە خوا، سبەی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا دەکات، لە بەردەوامی سەردانەکەیدا، رۆژی هەینی دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێتەوە. پلانەکەی دانراوە، پشت بەخودا دیدارەکانیان رێکخراون و بە ئۆمێدی خودا دەکرێن."
 
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر هەروەها ئاماژە بە پەیوەندیی باشی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاران، پەیوەندییەکانی هەردوولا بەهێزتر بووە.
 
نەسروڵڵا رەشنودی دەڵێت: "دوای سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی (ئێران)، پەیوەندییەکان بەهێزتر بوون، ئێستا لە دۆخێکی باشدایە. بۆیەش سەردانی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا دەتوانێت کاریگەر بێت لە بەهێزترکردنی ئەم پەیوەندییانە."
 
دەشڵێت: "عەلی باقری لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە."
 
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککوماری ئێران، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، رۆژێک دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا، بریار درا کە هەڵبژاردن بکرێت و رۆژی 28ـی حوزەیران هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.
 
جەختیشی کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوەدەچێت و لە هەرێمی کوردستانیش سندووقی دەنگدان دادەنرێت.
 
نەسروڵڵا رەشنودی گوتی: "لە هەولێر چوار سندووقمان دەبێت، سندووقێکی جێگر لەنێو کۆنسووڵخانە، سێ سندووقی گەڕۆکیشمان دەبێت لە شارەکانی سۆران، دهۆک و دەوروبەری هەولێر، پشت بەخوا دەنگی ئەو ئێرانییانە وەردەگرن کە لەوێ دەژین."
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک دەگاتە بەغدا. رۆژی هەینی سەردانی هەولێر و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکات.
 
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
هەفتەی رابردوو باقری سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.