سێ رۆژە ئاگرێک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کەوتووەتەوە و کۆنترۆڵ نەکراوە

12-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێ رۆژە ئاگر لە چیا و دۆڵی گوندەکانی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کەوتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سنوورەکە دەڵێت، دوو هاوژینی بەتەمەنیان لە سووتان رزگار کردووە و بەشێکی ئاگرەکەش کۆنترۆڵ کراوە.
 
ئاگرەکە سنووری گوندەکانی نێوە، بێلینگە، خەلفە، سەردۆڵ، چیوە و مەمیاوەی لە ناحیەی بێتواتە گرتووەتەوە. نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئەمڕۆ چوارشەممە 12-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە درێژایی شەوی رابردوو تیمەکانمان بە هاوکاریی خەڵک سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 07:00 بەشێکی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە."
 
خێرایی با و مانەوەی پاشماوەی ئاگر لە چەند ناوچەیەکی سنوورەکە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە. عەلی قادر دەڵێت، "بەشێکی سنوورەکان چیای سەختن و ناتوانین نە بە ئۆتۆمبێل پێی بگەین نە بە پێ، پێویستی بە هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەیە و ئێمەش نیمانە."
 
بەرگریی شارستانیی راپەڕین بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. گوتەبێژەکەیان گوتی، "شەوی رابردوو لە گوندی سەردۆڵ دوو هاونیشتمانیمان لە سووتان رزگار کرد، کە هاوژینی یەک بوون و بەتەمەن بوون، رزگارکردنیشیان ژیانی کارمەندەکانمانی خستە مەترسییەوە."
 
لەگەڵ هەوڵدانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین مەڕوماڵات و مێشهەنگی "زۆر"ی خەڵکی ناوچەکەیان لە ئاگر و دووکەڵی ئاگرەکە پاراستووە و دووریان خستوونەتەوە.
 
عەلی قادر گوتی، بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکە و سەختیی شوێنەکەوە، تاوەکو ئێستا رووبەڕی زەوی سووتاویان نەزانیوە، بەڵام "بڕێکی زۆر داری سرووشتی و پووشوپاوان سووتاون."
 
ئێستا هەموو هەوڵی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بۆ تەواو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین گوتی، "ئەو ناوچانە گەنمیان دروێنە نەکراوە و دەمانەوێت ئاگر مەترسی بە گەنمی جووتیاران نەگەیێنێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.