چاوەڕوان دەکرێت چەند گوندێک لە پارێزگای هەولێر بکرێنە ناحیە

رووداو دیجیتاڵ

سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوخۆیە کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت چەند گوند و شارۆچکەیەک بکرێنە ناحیە و ببەسترێنەوە بە چەند قەزایەکەوە".    

 

رۆژی سێشەممە 13ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ژمارە 109ـی دەکات. 
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەبارەی کۆبوونەوەکەیان ئەمڕۆ دووشەممە، 12-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک دەکرێت، گرنگترینیان خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوخۆیە تایبەت بەوەی کە کۆڕێ، بناری سەفین و بەستۆرە بکرێنە ناحیە و ببەسترێنەوە بە قەزای پیرمام؛ ناحیەی دارەشەکرانیش کە سەر بە  قەزای خەباتە لەو قەزایەی دەکەینەوە و دەکرێتە سەر پیرمام. بێستانەش دەکرێتە ناحیە سەر بە بنەسڵاوە. حاجی هاروون کە گوندێکی بچووکە دروست دەکرێتەوە و دەکرێتە سەر ناحیەی بەحرکە و ئازادیش دەکرێتە گوندێکی سەر ناحیەی باسرمە."

 

بە گوتەی عەلی رەشید، بەشێک لەو شوێنانەی گوندن یان شارەدێن، دەکرێنە ناحیە، چونکە "ژمارەی دانیشتووانییان زۆرە؛ لیژنەش بڕیاری داوە بکرێنە ناحیە؛ بۆیە سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا دەخرێنە دەنگدانەوە و بڕیار لەبارەی ئەوە دەدرێت بکرێنە ناحیە یان نا".
 
لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا، رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر ئامادە دەبێت. سەرۆکی ئەنجوومەن دەڵێت، "بڕیارە لەبارەی ئەو پڕۆژە ئاودێرییانە گفتوگۆبکەین، کە بەڕێوەبەرایەتییەکە جێبەجێی کردوون و جێبەجێیان دەکات".
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خوێندنەوەی دووەمە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی چنار جەلال، لە پشکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان. 
 
دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکەی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی گشتیدا کە رۆژی 1ـی ئایار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری کشانەوەی نوێنەرانی لە پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دا.