ئەمساڵ 20 هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە؛ "هەژاری هۆکارە"
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد لە پۆلی 12ی ئامادەییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و لە دووکانێکی چەرەسات لەنێو بازاڕی سلێمانی کاردەکات. بەگوتەی خۆی بەناچاری لەبەر هەژار و نەبوونی هیچ هیوایەک بەوەی لە داهاتوودا لەڕێگەی خوێندنەکەیەوە کارێکی دەستبکەوێت وازی لە خوێندن هێنا.
محەممەد فەریق، دووکاندارێکە و دەڵێت: ئەو قوتابییانەش کە قۆناخی 12یان بڕیوە و زانکۆ و پەیمانگەکانیان تەواوکردووە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و لەم بازاڕەدا خەریکی کارکردنن، نزیکترین کەسم دراوسێ دووکانەکەمە کە زانکۆی تەواوکردووە و دەبوو مامۆستای کۆمەڵایەتی بووایە، بەڵام ئێستا لەپەنا منەوە کە من خوێندنیشم تەواونەکردووە لەیەک ئاستدا کاردەکەین.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، لە ساڵی 2023دا 20 هەزار و 500 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە کە دەکاتە رێژەی %5.6ی قوتابییان. ساڵی 2022، 15 هەزار و 300 قوتابی کە دەکاتە رێژەی %4.4ی قوتابییان. ساڵی 2021، 13 هەزار و 200 قوتابی کە دەکاتە %4ی قوتابییان. ئەم ئامارە دەریدەخات، وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی %1.6 لە ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا زیادیکردووە.
رەمەزان حەمەساڵح، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شوان دەڵێت: لە ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023دا 15 بۆ 20 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، یەکێک لە هۆکارەکان هەژارییە، دواتر جیابوونەوەی دایک و باوکی قوتابی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان کە منداڵ لەلای یەکێکیان دەژی، یان منداڵەکە دەچێتە لای نەنک و باپیرەی، منداڵەکەش وەک پێویست ئامۆژگاری گەورەکان وەرناگرێت.
ماوەی سێ ساڵە "پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ خوێندن" لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوی یونسێفەوە راگەیێندراوە. لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە، لە ساڵی 2023دا هەزار و 500 قوتابی کە وازیان لە خوێندن هێناوە گەڕاونەتەوە بەرخوێندن. لە ساڵی 2022دا 920 قوتابی، لە ساڵی 2021دا دوو هەزار و 600 قوتابی، واتە رێژەی گەڕانەوەش بۆ خوێندن بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
بەختیار عەلی، سەرپەرشتیاری "پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ خوێندن" لە پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: پێشنیازەکانمان داوەتە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی لە ساڵی داهاتوودا کاری لەسەربکرێت، لەگرنگترینیان کاڵکردنەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، هیچ نەبێت بۆ ئەو کەسانەی لەلایەن هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندنەوە دەستنیشان دەکرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 14 خاڵ هۆکاری وازهێنانی لە خوێندن دیاریکردووە و پێشکێشی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەزگای روانگە، لەکۆی نزیکی 1500 منداڵی ئیشکەر لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان %55یان لەبەر هەژاری وازیان لە خوێندن هێناوە، 9%یان هیچ خوێندەوارییەکیان نییە.