لە سنە 12 کەس لەسەر لەوەڕگە بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سنووری شاری دیواندەرە لە پارێزگای سنە، لەسەر لەوەڕگە، شەڕ روویدا و 12 کەس بریندار بوون.
 
ئیدریس عەبوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی ساراڵ لە پارێزگای سنە دەڵێ، دوو بنەماڵەی خەڵکی گوندی قەزڵبڵاغ سەر بە قەزای دیواندەرە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر لەوەڕگە شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە و شەڕەکەیان چەندین کاژێری خایاندووە و دواتر بە دەستوەردانی پۆلیس و سوپای پاسداران، کۆتاییهاتووە.
 
بەگوتەی ئیدریس عەبوودی، لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکەدا کە رۆژی یەکشەممە (11-6-2023) بووە، تەقەکراوە و لانیکەم 12 کەس لە دانیشتووانی گوندەکە بریندار بوون. بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانە، چارەسەریان بۆ کراوە و ئێستا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی ساراڵ دەڵێ، رێگەیان نەداوە شەڕەکە گەورە بێت و دواتریش سنووری لەوەڕگەی ئەو دوو لایەنە دیاریکراوە و "بابەتەکە چارەسەر بووە".
 
کەمبوونەوەی باران وایکردووە، لەوەڕ لە بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان کەمببێتەوە، ئەوەش وایکردووە لە چەند شوێنێک کێشە و شەڕ دروستبێت.