هاتووچۆی گەرمیان: بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە رووداوی هاتووچۆ لەرێگەی کەلار-سلێمانی گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیانیش دەڵێت "پێنج کەسی دیکە لەو رووداوە بریندار بوون".
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-6-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نیو کاژێر پێش ئێستا، عەمید ئیدریس محەممەد مەولوود، بەڕێوبەری پۆلیسی خانەقین بە رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی تازەدێ گیانی لەدەستدا".
 
بەگوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە تەنیا نەبووە و پێنج کەسی دیکەی لەگەڵدا بووە کە لە رووداوەکە برینداربوون.
 
موقەدەم سامان گوتی "ئەو پێنج کەسەی دیکە کە لە رووداوەکەدا بریندار بوون، ژنێک و چوار منداڵ بوون، دەگوترێت نایانناسێت و لە رێگە هەڵیگرتوون. یەکێک لە منداڵەکانیش بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە".
 
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئەو پێنج کەسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بوون و بریندارن ئەمانەن؛
 
نەخەم حوسێن عەلی لەدایکبووی ساڵی 1987
عەلی هادی  لەدایکبووی ساڵی 2014
بەتوول هادی  لەدایکبووی ساڵی 2017
عەلیا هادی  لەدایکبووی ساڵی  2005
فاتمە هادی  لەدایکبووی ساڵی  2006