دانیشتووانی گەڕەکێکی سۆران کە بوونەتە هۆی راگرتنی کارکردن لە شەقامی 40 مەتری: قەرەبووەکە کەمە

12-06-2023
عەدنان رەشید
دیمەنێک لە شەقامی 40 مەتریی سۆران
دیمەنێک لە شەقامی 40 مەتریی سۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گەڕەکی بەختیاری لە سۆران لە 41 خانوو پێکدێت و لەسەر دیواری خانووەکان هۆشداریی چۆڵکردن و تێکدانیان نووسراوە، بەهۆی ئەوەی دەکەونە بەر پڕۆژەی شەقامی 40 مەتریی سۆران. دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە دەڵێت، قەرەبووەکە کەمە و ناتوانن خانووی پێ دروستبکەنەوە. ئەندازەی رێگەوبانی سۆران بەپێی کەرەستەی سەر زەوییەکە خەمڵاندنی بۆ خانووە زێدەڕۆکان کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە 12-06-2023، سامی ئەمین، دانیشتووی گەڕەکی بەختیاریی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: لە ساڵی 1998ـەوە لە گەڕەکەکە نیشتەجێین. تاوەکو ئێستا کەس بە ئەوانی نەگوتووە خانووەکان چۆڵبکەن. قایمقامیش سەردانی کردوون و داوای نەکردووە چۆڵی بکەن، تەنیا گوتی: شەقامەکە دەکرێت، ئێوە داواکاریتان چییە؟ 
 
 
وەک سامی ئەمین ئاماژەی بۆ دەکات، زۆربەی خانووەکانی ئەو گەڕەکە پێشتر لەلایەن رێکخراوەکانەوە بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکراون، بۆیە پێیوایە خانووەکان زێدەڕۆ نین و شارەوانی زەوی بۆ دابینکردوون. 
 
بە گوتەی سامی ئەمین، بڕی 10 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو بۆ خاوەنی هەر خانوویەک دانراوە، بەڵام ئەو دەڵێت، ئەو پارەیە کەمە و ناتوانن زەویی پێ بکڕن، بۆیە داوا دەکات هەر یەکەیان بە پارچە زەوییەک قەرەبوو بکرێتەوە.
 
شوان مووسا، بەرپرسی ئەندازەی رێگەوبانی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیار خەمڵاندنی لیژنەی قەرەبووکردنەوەی خانووە زێدەڕۆکانی گەڕەکی بەختیاری بە "خەمڵاندنی جۆری موڵک و تەنیا بۆ کەرەستەکان" ناوبرد و گوتی: خەمڵاندنەکە زەوییەکە ناگرێتەوە. چونکە هەندێک لە خانووەکان تەنیا حەوشەکەی بەردەکەوێت یان تەنیا دووکانەکەی. 
 
 
سەبارەت بە بڕی قەرەبووەکە، شوان مووسا گوتی: "موڵکی جیاوازی لێیە، دووکانی جیاوازی هەیە، خانوو هەیە تەنیا حەوشەی بەردەکەوێت، خەمڵاندنمان بۆ کردووە و ئەوەی دەگوترێت 10 ملیۆن دینارە، راست نییە، هەندێکیان کەمترە و هەندێکیان زیاترە. ئەو خانووانەی کە کۆنکرێتن قەرەبووەکە دەگاتە 20 ملیۆن دینار. ئەو خانووانەی بۆ نموونە 70 مەترن بە نزیکەی 10 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە." 
 
لیژنەی قەرەبووکردنەوەی خانووەکانی گەڕەکی بەختیاری ئەو جۆرە خانووانەی کە تەواونەکراون 'هەیکەلن' لە تۆماری لیستی قەرەبووەکە دانراوە و تاوەکو ئێستا 41 کەس لە لیستی قەرەبووەکە دان.
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "دوای گەیشتنی لیستەکە، سەردانی خەڵکەکەم کردووە و کە لێمانپرسین، هەندێک شتی دیکەمان بۆ دەرکەوت، بۆیە بەپەلە داوای چۆڵکردنی خانووەکانمان لێنەکردن و پێمان باش بوو لەگەڵ لایەنی دیکەی پەیوەندیدار قسە بکەین. ئەو کەسانە کەمدەرامەتن و نامەوێت زەرەرمەندبن. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان قسەی لەسەر دەکەین، بەپێی یاسا رێکاری دیکە دەگرینەبەر." 
 
 
قایمقامی سۆران دڵنیایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەدات و دەڵێت "هەندێک کەس کە 18 ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو پێدەدرێت، بەڵام شوێنێک نییە بۆی بچن، بۆیە بەپێی یاسا پێداچوونەوەی بۆ دەکەین، بەپێی یاسا دەتوانرێت بە دابینکردنی پارچە زەوی قەرەبووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە خانوویان بەر پڕۆژەکە دەکەوێت، ئەو کەسانەی کە خانوویان بەر پڕۆژەکە دەکەوێت لای ئێمە لەپێشینەن. ئەوانی دیکەش ئەگەر زەوییەکانیان کە بۆیان دەمێنێتەوە گونجاو نەبێت لە لیژنەی باڵا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. تێبیینییەکانی هاووڵاتییان وەردەگرین و لە لیژنەی باڵا هەوڵدەدەین بەشێوازێکی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە." 
 
گەڕەکی بەختیاری و چوار گەڕەکی دیکەی زێدەڕۆ لە سۆران گرفتن لەبەردەم تەواوکردنی پڕۆژەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە