جووتیارانی کەرکووک بە کوردی و تورکمانی: رێگەنادەین سەربازگە لەسەر زەوییەکانمان دروستبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نەجمەدین و داود یەکێکیان بە کوردی و ئەوەی دیکەیان بە تورکمانی قسە دەکات و باس لە کێشە و گرفتی زەوییەکانیان بۆیەکدی دەکەن؛ ئەوان دوو جووتیاری گوندی تۆپزاوا بەشیرن لە باشووری کەرکووک و هەردووکیان لە سەردەمی رژێمی پێشوو دەربەدەر کران، دوای 2003 کە گەڕاونەتەوە، ئێستا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنەوەی زەوییەکانیان لەسەرە.
نەجمەدین مەحموود دەڵێت، "ئەوەتا لێرەین و تائێستا پارێزگار نەهاتووە بڵێ چیتان دەوێت." داود سەلمانی هاوڕێیشی دەڵێت، "با لەسەر ماف بێت، بزانن کێ ستەملێکراوە و لەسەر ئەوە بووەستن."
زیاتر لە 10رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمان مانیان گرتووە و پێداگرن لەوەی زەوییەکان موڵکی ئەوانە و دەبێت بڕیاری وەزارەتی بەرگری بۆ دەستگرتنەوە سەر زەوییەکانیان لەلایەن سوپا هەڵبوەشێتەوە.
کێشەی زەویوزار کێشەی کورد و تورکمانە، لایەنە کوردییەکان بڕیاری دروستکردنی کۆدەنگیان داوە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە تورکمانییەکان.
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم کێشانە زیاتر پەیوەستە بە کورد و تورکمانەوە، تەعریب تەنیا لەسەر کورد نەکراوە، بەڵکو لەسەر گەلی تورکمانیش کراوە لەم شارەدا، بۆیە دەبێ لەم قۆناخە بەتایبەت لەسەر زەویوزار کە هەردوو نەتەوە زەرەری تێدادەکات، داوامان کرد پەیوەندییان پێوەبکرێ و کۆبوونەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بڕوایان وایە ئەو مامەڵەیەی حکومەتی عێراق لەگەڵ کێشەی زەویوزاری کورد و تورکمان جارێکی دیکە جیاکاریی نەتەوەییە و ئەوانیش دەرگایان بە رووی لایەنە کوردییەکان کردووەتەوە تاوەکو پێکەوە چارەسەری کێشەکانی جووتیاران بکەن.
ماردین جۆج قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی گوتی، "بۆ هەر دۆسیەیەکی تایبەت بە داهاتووی کەرکووک و چارەنووسی کەرکووک ئێمە دەرگەمان لەسەر پشتە، هەروەها دڵمان کراوەیە بۆ دانیشتن و قسەکردن لەسەری، بەڵام پێم گوتی لە بەغدا بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کۆبوونەوانە دەکرێت، سەرکردایەتییەکان لە سەرجەم پێکهاتەکان بەشدارن و کار دەکەین بۆ ئەوەی شاندەکەمان ئەو کێشانە لە بەغدا چارەسەر بکەن."