سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان: لە هەرێمی کوردستاندا 200 هەزار کرێچی هەن

12-06-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کرێچی یەکەی نیشتەجێبوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان رایگەیاند، زیاتر لە 90 هەزار کرێچی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن لق و ئۆفیسەکانیانەوە تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی کرێنشینان بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان زیاترە لە 200 هەزار کرێچی.
 
رۆژی یەکشەممە، 12-6-2022، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  کرێچییانی دروست بکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو فۆرمەی دەستەی وەبەرهێنان بڵاویکردووەتەوە بۆ سوودمەندانی پرۆژەکە، سادەیە و خەڵکی دیکەش دەتوانن لێی سوودمەندبن، بەڵام ئێمە فۆرمێکی خۆمان ئامادەکردووە کە زۆر وردە و ئەگەر پەیڕەو بکرێت تەنیا کرێچیی راستەقینە دەتوانێت لێی سوودمەندبێت، ئێمە فۆرمەکەمان بۆ دەستەی وەبەرهێنان ناردووە بۆ ئەوەی یەکەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکرێن و زۆرترین کرێچی لێی سوودەمەندبن."
 
رۆژی 18ـی ئایاری 2022، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر شێوەی شووقە دروست دەکرێت. دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران بڕیارەکەی بەدەستەی وەبەرهێنان سپارد، رێکارەکانی دروستکردن و پێوەر و دابه‌شکردنیان لەسەر هەموو هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەوانەی ئەو یەکە نیشتەجێیانە وەردەگرن دەبێت 100% شایەن بن و بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بدرێن کە پێشتر هیچ جۆرە قازانجێکیان لە هیچ ئۆفەرێکی حکومەت نەکردبێت. هەروەها یەکەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبن و لە رێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستانەوە دروست دەکرێن کە پێشینەیەکی باشیان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون هاوشێوەی ئەم یەکانە لە شار و شارۆچکەکان هەیە.
 
سەبارەت بە ژمارەی کرێنیشینان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ژمارەی ئەو کرێچییانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون زیاتر لە 90 هەزار کرێچین، بەڵام ئێمە لەهەموو قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان لق و ئۆفیسمان نییە و هەموو کرێچییەکانیش لەلای ئێمە ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە، ژمارەی کرێچی بەپێی ئامارە فەرمەییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەگاتە 200 هەزار کرێچی کە زۆربەیان لە سلێمانین، بەداخەوە ژمارەی کرێچییەکان روو لە هەڵکشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مۆڵەتی بە دروستکردنی 231 هەزار یەکەی نیشتەجێکردن داوە، بەڵام ئەو ژمارەیەش نەیتوانیوە کێشەی کرێنشینان چارەسەربکات، بەڵکو قەیرانەکە تاوەکو دێت گەورەتر دەبێت، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار."
 
سەبارەت بە کەمکردنەوەی کێشەی کرێچێتیی کرێچییەکانیش گوتی: "ئەگەر ئەو 11 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە چەند ساڵێکە هەروەکو خۆی ماوە، دابەشبکرێت، هەروەها ئەو هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونەی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە بەتاڵی ماونەتەوە، دابەشبکرێن و، لەگەڵ ئەو 20 یەکەی نیشتەجێبوونە کێشەی کرێنشینان تەواو کەمدەبێتەوە."
 
رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2022، دەستەی وەبەرهێنان فۆڕمێکی سەرەتایی بۆ ئەوانەی شایستەن و دەیانەوێ سوودمەندبن لە 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەستەی وەبەرهێنان و دامەزراوەی "کان" دوو هەفتەیە سەرقاڵی داڕشتنی فۆڕمەکەن و هەفتەی داهاتووش فۆڕمەکە بەشێوازی ئەلیکتڕۆنی و بە ئۆنڵاین، لەژێر چاودێری دەستەی وەبەرهێنا، لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەست دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.