چیرۆکی ئەو گەنجەی کە بووە یەکەمین قوربانیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان

12-06-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
چیرۆکی ئەو گەنجەی کە بووە یەکەمین قوربانیی نەخۆشیی تای خوێنەربوون لە هەرێمی کوردستان
چیرۆکی ئەو گەنجەی کە بووە یەکەمین قوربانیی نەخۆشیی تای خوێنەربوون لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسەی کە بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا، خەڵکی گوندی گۆرەزییە لە شارۆچکەی خەلیفان، مەزهەر محەممەد تەمەنی 30 ساڵ بوو. سەرەتای نەخۆشکەوتنی تاوەکو گیانلەدەستدانی، مامێکی لەگەڵی بووە.
 
ئەرسەلان محەممەد، مامی مەزهەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گلەیی زۆرمان لە سیستەمی تەندروستی هەیە، چۆن دەبێت لەماوەی پێنج رۆژی نەخۆشیی برازاکەم، نەزانم دەردی چییە و دەرمانی چییە، تاوەکو پشکنین چووە بەغدا ئێمە تەرمەکەمان وەرگرتەوە و ئەمڕۆ گوتیان تای خوێنبەربوونی هەبووە."
 
رۆژی 06-06-2022، مەزهەر محەممەد نەخۆشکەوت و، خێزانەکەی نەخۆشخانەی زۆری پێدەکەن، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی کە گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی نەیاندەزانی نەخۆشییەکەی چییە.
 
حەسەن محەممەد، مامی مەزهەر دەڵێت: "سەرەتای نەخۆشکەوتنی شتێکی وا نەبوو، بە پێی خۆی بردمانە نەخۆشخانەی خەلیفان
و هەر چاک نەبوو، بردمانە ئاشتیی سۆران و، گوتیان هیچ شتێکی وای نییە، دواتریش نەخۆشخانەی رزگاری و رۆژئاوا و، دواتریش لە لالاف مرد، من ماڵم خراپ بوو، بەڵام هەقە حکومەت چاوێک لە نەخۆشخانەکان بکاتەوە کە بەڕاستی بێسەروبەرن."
 
مەزهەر مامۆستای وانەبێژ بوو، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، هاوژینەکەشی دوو گیانە. لە تەنیشت ماڵەکەیاندا ئاژەڵ بەخێودەکەن. خەڵکی ئەو گوندە لە دڵەڕاوکێدان و داوای سەردانکردنی تیمی پزیشکی و ڤێتەرنەری دەکەن.
 
مەحموود ئەحمەد، ئامۆزای مەزهەر دەڵێت: "ئەوە رایانگەیاند کە نەخۆشییەکە لە گوندەکەمان بڵاوبووەتەوە، کوا تیمێکی
تەندروستی، کوا ڤێتەرنەری، ئەی بۆ ئاوا بێخەم لێیان پاڵداوەتەوە و نایێن پشکنینێک بکەن."
 
ماوەی سێ رۆژ نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەکانی هەلێر بووە، شەوی رابردوو گواستراوەتەوە بەشی چاودێریی چڕ و گیانی لە دەستداوە. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: "یەکەمین حاڵەت نییە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، چوارەم کەس بووە، بەڵام یەکەم کەسە بە پەتاکە گیان لەدەست بدات و کۆی ئەو کەسانەی بە پەتاکە بوونەتە قوربانی لە عێراق، ژمارەیان بوو بە 27 کەس."
 
تاوەکو ئێستا چوار کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان، سێ کەس لەوانە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە و چاکبوونەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە