هەڵبژاردنی ئەیلوول مشتومڕی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم زیندوو دەكاتەوە

12-06-2018
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - سلێمانی 
نەوزاد مەحموود و هاوكار یاسین

هەرچەندە تەواوی حیزب و قەوارەكانی هەرێمی كوردستان ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا گفتوگۆ بۆ دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە یان هاوكاتكردنی لەگەڵ هەڵبژاردنی دیكە بەردەوامە و سەركردەیەكی یەكێتی نایشارێتەوە كە ئەوان بە پارتییان راگەیاندووە "پێویستە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یەكلابكرێتەوە بۆ ئەوەی هەردوو هەڵبژاردنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان پێكەوە بكرێن، یان ئەو پۆستە هەڵبوەشێندرێتەوە"، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەكات ئەو پۆستە نەمێنێ، یان لە پەرلەمانی كوردستانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێ".


رۆژی نۆی ئایاری رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، بە پشتبەستن بە بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دابەش كردووە بەسەر سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەریدا، رۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتووی وەك رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد. رۆژی 23ی  ئایاریش كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا قسەی نوێ لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبوون لە بارەی هەڵبژاردنەوە و بەپێی زانیارییەكان یەكێتی لەگەڵ ئەو وادەیە نییە بۆ هەڵبژاردنەكە. چەند هۆكارێك وا لە یەكێتی دەكەن پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەكە بباتە نێو گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی، لەوانە: بەڵێنی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكە بە لایەنگرانی، یەكلانەبوونەوەی چارەنووسی دەنگەكان لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق و یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، باسی دواهەمین گفتوگۆیان دەكات لەگەڵ پارتی و دەڵێ پێمان راگەیاندن كە پێویستە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان  هەموار بكرێتەوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێ و دواتر رابگەیێندرێ كە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان لە یەك رۆژدا بكرێ‌ "ناكرێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبێ سەرۆكایەتی هەرێم بكرێ، چونكە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم تەنیا تاوەكو كاتی هەڵبژاردنە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، پێیوایە هەرچەندە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان دوو بابەتی جیاوازن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا گرێدراوی یەكن "پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێ و پارتیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەروایە، هەربۆیە ئەگەر یەكێتی ئەو پۆستە وەرنەگرێتەوە، مافی خۆیەتی داوای هەڵوەشانەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بكات".

بەڵام ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی، رەتیدەكاتەوە ئەوان داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردبێ "نامانەوێ هیچ هەڵبژاردنێك بكرێتە قوربانی هەڵبژاردنێكی دیكە، پێویستە لە كاتێكی گونجاودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێكەوە بكرێن". 

ئارێز عەبدوڵڵا، گوتیشی كە ئەوان قسەیان لەگەڵ كۆمیسیۆن كردووە بۆ ئەوەی دوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە بكرێن "پێیانگوتین ناتوانین لە یەك كاتدا ئەو دوو هەڵبژاردنە بكەین". 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی باسی دواهەمین كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەی دەكات كە تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی تێدا كراوە و داوایان كردووە هەڵبژاردنەكان پێكەوە بكرێن و بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر بكرێت "ئەگەر هەڵبژاردنی بۆ دەكرێتەوە، دەبێ لەگەڵ دوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە بكرێت، ئەگەر لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، دەبێت یاساكەی هەموار بكرێتەوە، یان دەبێ كۆتایی بەو پۆستە بهێنرێ و هەڵبوەشێنرێتەوە".

ئەو رەوشە ناڕوونەی بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە، حیزبەكانی وا لێكردووە هێندەی بە پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و بەدەست ئەژماركردنەوەی دەنگەكانەوە سەرقاڵ بن، هێندە بەلایانەوە گرنگ نەبێ مشتومڕی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەلایەكدا بخەن. لە دواهەمین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە هەفتەی رابردوو، هەرچەندە بڕیاریان دابوو دەست بە ئامادەكاری بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەیەكی باڵای دیكە دروستبكەن بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكە، بەڵام وەك بەرپرسێكی ئەو بزووتنەوەیە گوتی: "بڕیاری پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، بەتەواوی بزووتنەوەكەیان سەرقاڵ كردووە".

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێ ئەوان كێشەیان لەگەڵ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول نییە "ئامادەین بۆ ئەو هەڵبژاردنە، ئەگەر پۆستی سەرۆكی هەرێمیش یاساكەی بۆ هەموار بكرێتەوە، ئەوا دەبێ لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەگەرنا ئێمە پێمانوایە ئەو پۆستە هەر نەمێنێ و بەیەكجاری هەڵبوەشێندرێتەوە ، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن".

ئەوەی وای كردووە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، بەبێدەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاكان و سەرۆكایەتی هەرێمەوە گفتوگۆ بكەن، زۆرتر پەیوەندی بەو دۆخە نوێیەوە هەیە كە بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست و رەتكردنەوەی دەنگی ئاوارەكان دروستی دەكات، چونكە هێشتا هیچ لایەك دڵنیا نییە تابلۆكە چی لێدێت و هاوكێشەكان چۆن دەگۆڕێن.

ئەندامێكی دامەزراوەی هەڵبژاردن و ئاماری سەر بە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێ پابەندن بە هەر یاسا و وادەیەكی هەڵبژاردنەوە و لەگەڵ دواخستنی نین "تەنیا خاڵێكی گرنگ بەلامانەوە، خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە و هیچ دواكەوتنێك بەگونجاو نازانین و لەگەڵی نین". 

نەوزاد ساڵح گوتیشی: "ئەگەر بیانوویەكی شەرعی هەبێت كە رای هەموو لایەنەكانی لەسەر بێت و تێچووی هەڵبژاردن كەمبكاتەوە، ئەوا رازین بە دواخستنی هەڵبژاردن بەمەرجێك نابێت‌ ماوەی دواخستنەكەی ئەوەندە زۆر بێت بگاتە دوو مانگ".

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، وادەی تۆماركردنی ناوی حیزب و قەوارەكان كۆتایی هات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ ئەو هەڵبژاردنە لەگەڵ ژمارەیەك قەوارە و لیستی نوێ كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ئێستا گفتوگۆ لەنێوان شەش لایەنە ناڕازییەكە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، لەبارەی دروستكردنی یەك لیست  لەلایەن گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گفتوگۆ هەیە "دوای جەژن سەركردەكانی ئەو شەش حیزبە بۆ ئەو مەبەستە كۆدەبینەوە".

بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیریی دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی حكومەت دیاریی كردووە. لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: "بڕیاری ئێمە لەگەڵ بڕیاری حكومەتە و حكومەت هەركات دیاری بكات ئێمە ئامادەین". 

خەسرۆ گۆران، رەتیدەكاتەوە پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بێت "ئێمە دەمانویست پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێ، ئێستا بۆچی داوای دواخستنی بكەین".

لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش، خەسرۆ گۆران گوتی، رێگای یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمانە "با لەرێگای پەرلەمانەوە ئەوە چارەسەر بكرێ، ناكرێ هەر رۆژە و قسەیەك بكرێ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە