وەزارەتی تەندروستی پشکنینی تاقیگەیی بۆ مرداربوونی نەورەسەکانی راپەڕین دەکات

12-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکی پسپۆڕ بەدواداچوون بۆ هۆکاری مرداربوونی نەورەسەکانی دەڤەری راپەڕین دەکات و بڕیارە لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامەکان بخرێنەڕوو.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 12ـی ئایاری 2024) لیژنەیەکی پسپۆڕ بەمەبەستی بەدواداچوونی زانستییانە بۆ مرداربوونی نەورەسەکانی دەڤەری راپەڕین سەردانی دەڤەرەکە دەکەن.
 
سەردانەکە بۆ رووپێوی و پشکنینی تاقیگەیی و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی مرداربوونی ئەو باڵندانەیە، بۆ رێگەگرتن لە گواستنەوەی ھەر ڤایرۆسێک لەنێوان باڵندە و مرۆڤ، وەک وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە.
 
سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین، بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا دوو لیژنەی دیکە لە تاقیگەکانی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی سەردانی شوێنەکەیان کردووە، ئەو شاندەی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی دێن و پشکنینی تاقیگەیی بۆ مرداربوونی باڵندەکان دەکرێت."
 
هێشتا هۆکاری مرداربوونی نەورەسەکان دیار نییە. سەعدی تەیب دەڵێت "گومانی زۆرمان هەبوو، بەڵام ئەگەری زۆرە ڤایرۆس لەنێویاندا بڵاوبووبیتەوە."
 
چەند رۆژێکە ژمارەیەک نەورەس کە ژمارەیان بە سەدان دەخەمڵێندرێت لە نزیک دەریاچەی دووکانن مردار بوون. تەندروستیی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پەیامێکیان بۆ هاونیشتمانییانی سنوورەکە بڵاوکردەوە و دەڵێن لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان بە هەموو جۆرێک خۆیان لە مامەڵەکردن لە هەموو جۆرە پەلەوەرێک بە دوور بگرن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە