مەسرور بارزانی: دەبێت هەموو مانگێک بۆ مووچە شەڕ لەگەڵ بەغدا بکەین

12-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پارە و داهات لەدەست ئەو نییە و هەموو مانگێک بۆ مووچە دەبێت شەڕ بکات. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لە هەولێر رایگەیاند: "پارە لە دەست من نییە و ئێمە دەبێت هەموو مانگێک شەڕبکەین بۆ ئەوەی لە بەغدا بەشە بودجەی ئێمەمان بۆ بنێرن." 
 
"ئەگەر کۆچ لە عێراق دەستپێبکات بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوا لێرەشەوە بەرەو ئەورووپا دەستپێدەکات.. کۆچکردن کێشەی ئەمنی و ئابووری بەدوای خۆیدا دێنێت." 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی وشکەساڵی لە هەندێک شوێن گۆڕانی دیمۆگرافی روویداوە و ئەگەر چارەسەری وشکەساڵی نەکرێت دەبێتە مەترسی. 
 
کۆنفرانسی وشکەساڵی و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیاسەت، ئابووری، دیمۆگرافیای عێراق، دوێنێ لە هەولێر دەستیپێکرد و ئەمڕۆش (یەکشەممە، 12-5-2024) بەردەوامە.
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵییە؛ "هەنگاوی پێویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی هاوێشتووە.. ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە لە هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی دەیکەین."
 
 
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ مەسرور بارزانی: 
 
 
پرسیار: ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەبێتە 80 ملیۆن کەس، لەو ژمارەیە نزیکەی 20 ملیۆن کەسیان لە باشووری عێراقەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن، چۆن ئاو و خۆراک بۆ ئەو ژمارەیە لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەیت؟
 
مەسرور بارزانی: با ئێمە جارێ باسی ئێستا بکەین، تەمەن بەدەست خودایە و خۆی دەزانێت دوای چەند ساڵی دیکە چی روودەدات. ئەوەی ئێستا گرنگە باسی بکەین، چۆن رووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە کە لە زۆر جێگە باس دەکرێت و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت و پسپۆڕان قسەی لەسەر دەکەن، ئەگەر چارەسەریی گونجاو نەبێت، لەوانەیە ببێتە مەترسی لەسەر خەڵکی ئەم ناوچانەی تێیدا دەژین. مرۆڤ لە سەرەتای بوونیەوە، هەوڵیداوە لە ژینگەیەکدا بژی کە بتوانێت پێداویستییەکانی ژیانی تێدا بەرهەم بهێنێت، هەر لە خواردنەوە تاوەکو ئاو و... بۆ ئەوەی بتوانێت لەم ژینگەیەدا بەردەوامبێت لە ژیان. ئەگەر ژینگەکە گونجاو نەبوو بۆ شوێنێکی دیکە کۆچ دەکات و هەوڵ دەدات بەدوای ئاو و خواردندا بگەڕێت. ئێستا ئەوەی ئێمە دەیبینین، چەند ساڵێکە گۆڕانێکی خێرا لە کەشوهەوادا روویداوە و ژینگە بۆ زۆر خەڵک لە زۆر ناوچە ئەستەمە بۆ ژیان، گۆڕانی دیموگرافی لە زۆر لەو ناوچانە روویانداوە و ئەگەر چارەسەری خێرا بۆ ئەم جۆرە کێشانە نەدۆزرێتەوە، گۆڕانی زیاتر روودەدەن.
 
چارەسەرەکان بۆ ئەم پرسە چەند جۆرێکن، یەکێکیان لەو ناوچەیەی تێیدا دەژیت، چۆن بتوانی پارێزگاریی لە سرووشتەکەی بکەت بۆ ئەوەی گونجاو بێت بۆ ژیان، کولتووری ژینگەپارێزی زۆر گرنگە، ئەم بەیانییە گوێم لە جەندین گوتار بوو و بیستم کە چەندین چارەسەر خرانە روو و باس لەو هەنگاوانە کرا کە دەبێ بگیرێنە بەر، بەڵام لە هەمووی گرنگتر پێموایە فەرهەنگی ژینگەپارێزییە. ئێمە چۆن پەروەردەی ژینگەپارێزیی لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا پەرە پێبدەین؟ چۆن منداڵ و گەنج و خەڵکی دیکە بتوانن ئەو ژینگەیەی هەیە، بیپارێزن و تێکی نەدەن. جگە لەمەش، هەوڵی ئەوە بدرێت لەو شوێنانەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە دروستبووە، چۆن (ئایا ئەمە دەکرێت؟) چاکی بکەینەوە، نموونە بە بیابانبوونە، دارستانەکان لەنێوچوون، ئێمە چۆن بتوانین جارێکی دیکە دارستانەکان بگەڕێنینەوە؟ چۆن بتوانین ژینگەیەکی گونجاو دروستبکەین بۆ ئەوەی خەڵک لەبری ئەوەی وردەوردە کۆچ بکات، لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە یان جارێکی دیکە بۆی بگەڕێتەوە. بۆ ئەمە کۆمەڵێک هۆکار هەن و کۆمەڵێک رێکاریش پێویستن بۆ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە، نەک تەنیا لە ناوچەیەکی تایبەت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان دەبێ رووبەڕووی ئەم کێشانە ببنەوە، لەبەرئەوەی بابەتی ژینگە پرسێک نییە تایبەتبێت بە ناوچەیەکی تایبەتەوە، لەوانەیە لە ناوچەیەک گرفت بۆ خەڵک دروستبکات، بەڵام کۆچی ئەم خەڵکە دەتوانێت کێشە بۆ ناوچەیەکی دیکە دروست بکات، بۆیە ئەمە بابەتێکی تێکەڵە و دەبێت چارەسەرێکی تێکەڵیشی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
پرسیار: با لەسەر ئاستی عێراق بمێنینەوە. جەنابت کۆمەڵێک پرسیاری زۆر جوانت کرد، بەڵام ئێوە لە ناوەندی بڕیاردان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، رۆشنبیرێک دەتوانێت بیر بکاتەوە و پرسیار بکات، بەڵام وەکو ئێوە ناتوانێت بڕیار بدات و جێبەجێ بکرێت. ئێوە دوو حکومەتن لە بەغدا و هەولێر، ئەرکی مێژووییتان لەسەر شانە، ئەگەر ئێستا ئێوە نەجووڵێن و کار نەکەن، نەوەکانی داهاتوو باجی قورس دەدەن، ئێوە وەکو سەرۆکی دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چی دەکەن بۆ ئەوەی رێگە لەم کارەساتە بگیرێت؟
 
مەسرور بارزانی: پرسیارێکی دروستە. هەروەکو باست کرد، توێژەر لەوانەیە مەترسییەکان بخاتە روو، بەڵام لەسەر حوکمڕان و دەوڵەتدارە بۆ ئەوەی وەکو دەزگایەکی جێبەجێکار، کار لەسەر ئەو مەترسییانە بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر. نەک ئێستا، بەڵکو ئێمە لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەو مەترسییە کردووە و کاریشمان کردووە، بۆ نموونە بابەتی دروستکردنی بەنداو بۆ گلدانەوە و بەفیڕۆنەچوونی ئاو، بۆ ژیاندنەوەی دارستانەکان لە کوردستان، هەنگاوی باشمان هاویشتووە.لەڕووی وزەوە؛ دەتوانم بڵێم کوردستان یەکەم شوێنە لە عێراق کە لە هەندێک شوێن گازی بەفیڕۆدراو لە کێڵگەکان وەردەگرێتەوە و لە هەندێک شوێنی دیکەش بەرنامەی دیکەمان هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو غازەی بەفیڕۆ دەچێت، وەریبگرینەوە و بیکەین بە وزە و بەکاری بهێنینەوە لەبری ئەوەی ژینگە پیس بکات یان بەفیڕۆ بچێت. لە کوردستان ئێمە هەندێک لەو هەنگاوانەمان ناوە و پێویستە کاری دیکەش بکەین، بەڵام زۆر بابەتیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توانایانەی لەبەر دەستن، پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەرکی مێژوویی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو ئیمکانیاتانەی لەبەردەستیدایە، بۆ ئەو شوێنانە تەرخان بکات و وەبەرهێنانیان تێدا بکات کە گونجاون بۆ ژیاندنەوەی سرووشتی ناوچەکە. کوردستان لە زۆر رووەوە گونجاوە و دەکرێت زۆر بەنداوی تێدا دروستبکرێت، دەکرێت بابەتی ژیاندنەوەی دارستان لە کوردستانەوە پەرەی پێبدرێت و وردە وردە بەرەو شوێنەکانی دیکەی عێراق بڕوات، هەروەها لە خودی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر بکرێت. گوێم لێبوو باسی ژمارەیەکی زۆر گەورەتان کرد کە دەبێت ئەو بڕە پارەیە تەرخان بکرێت، بەڵام ئەوە زەروورەتێکە و دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کۆچ نەکەن. لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەرمان بووە کردوومانە، من ناڵێم هەموو شتەکان کراون، بەڵام هەنگاوی پێویست نراون و ئەوەی لەبەردەستمان بووە کردوومانە، ئەگەر توانای زیاتر هەبێت و هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی باشتر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت، پێموایە دەتوانین هەنگاوی زۆر باشتریش بهاوێین.
 
 
پرسیار: چەندین جار بەیەکەوە گفتوگۆمان کردووە و دەزانم کە ئێوە حەزتان لە بابەتی تیۆری نییە، بەڵکو حەز لە بابەتی کۆنکرێتییە، بەڵام ئەگەر ئێوە هەموو ئەو شتانەش بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە بەسرە، نەجەف، کەربەلا، سەماوە و ئەنبار نەکرێن، لە کۆتاییدا دەرئەنجامێکی بابەتیانەی نیشتمانی ناداتە دەستەوە. ئایا بە پراکتیکی، حکومەتی عێراق دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە کاری هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە بکات بۆ رێگریکردن لەم کارەساتە؟ ئەگەریش نایەتە پێشەوە لەبەر چییە؟
 
مەسرور بارزانی: پێموایە ئەو پرسیارە پێویستە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بکەیت، من ناتوانم لەجیاتی کەس وەڵامی پرسیار بدەمەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە وەکو ئەرک، چی لەسەر شانی ئێمەیە ئامادەین، چونکە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە بەیەکەوە بەستراوەتەوە. ئەوەی لە کوردستان روودەدات، کاریگەری لەسەر شارەکانی دیکەی عێراق هەیە و ئەوەش لە شارەکانی دیکەی عێراق روودەدات، کاریگەریی لەسەر کوردستان هەیە. بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەیەکەوە کار بکەین، پێموایە کاری رژدتر پێویستە.
 
پرسیار: ئەو کارە رژدە چییە؟
 
مەسرور بارزانی: گفتوگۆی زیاتر و تێگەیشتنی باشتر پێویستە. چۆن ئێمە بتوانین یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی نەهێڵین خەڵکی ناوچەی زۆنگاوەکان کۆچ بکەن؟ چۆن نەهێڵین ئەنبار زیاتر بەرەو بیابانبوون بڕوات؟ چۆن بتوانین رووبارەکانی دیجلە و فورات زیاتر بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکاربهێنین؟ ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشمان هاویشتووە، هیوادارین حکومەتی فیدراڵی یارمەتی ئێمە بدات و ئەو ئەزموون و کارانەی لێرە کراون، لە شوێنەکانی دیکە دووبارە ببنەوە. باسی چەند نموونەیەک دەکەم: بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق، زیاتر پشت بە نەوت و گاز بەستراوە بۆ داهات، ئەمە لەوانەیە دوای چەند دەیەی دیکە کۆتایی بێت، ئایا دوای ئەوە سەرجاوەی داهات لە عێراق چی دەبێت؟ ئایا سرووشتەکەی گونجاوە بۆ ئەوەی ئێمە بیر لە سەرچاوەی دیکە بکەینەوە؟ بەڵێ. کشتوکاڵ یەکێکە لەو بابەتانەی کە بێگومان دەکرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاسایشی خۆراک بۆ عێراق و دەرەوەی عێراقیش. لە هەرێمی کوردستان ئێمە ئەم کارانەمان کردووە، پەرەمان بە کشتوکاڵ داوە، بۆ نموونە وەبەرهێنانی پەتاتە پێش ئەم کابینەیە، لە کوردستان 25 هەزار تۆن بوو، دوای ئەوەی جەختمان کردەوە بۆ یارمەتیدانی ئەم کەرتە، ئێستا وەبەرهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 800 هەزار تۆن. ئەوە نموونەیەکە و دەکرێت لە بوارەکانی دیکەش وەکو گەنم و جۆ و زۆر بابەتی دیکە کشتوکاڵیدا لە هەموو عێراق پەرەی پێبدەین. ئەوانە نموونەیەکن کە دەتوانین هاوکاریی یەکتر بکەین و سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرین و دەسکرێت کاریگەریمان هەبێت لە رێگریکردن یان هیچ نەبێت، هێواشکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
پرسیار: ئێوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئەرکی یەکەمتان پارێزگاریکردنە لە هەرێمی کوردستان و ئەرکی دووەمیشتان بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەغدا و پیویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی حکومەتی بەغدا بکەین، زۆر باشە. لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە و یەکێک لە توێژەرەکانمان بەناوی فابریس ڤەلۆنش لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە پرسیارێکتان ئاراستە بکات. فابریس ڤەلۆنش: 40 ساڵە کوردستان و 30 ساڵیشە عێراق دەناسم، لەم سەردانەم بەرەوپێشچوونێکی باشم بینیوە لە کابینەکەی جەنابت، بەڵام من گەشبین نیم بە بەسرە و مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق وەکو ئەوەی لە کوردستان دەیبینم، ئەوەی لە عێراق دەیبینم بێهیوام دەکات، بەڵام بۆ کوردستان دەترسم، بەهۆی ئەو گۆڕانە دیموگرافییەی کە لە 2050 دانیشتووانی عێراق دەگاتە 80 ملیۆن کەس و رەنگە کوردستان ببێتە 10 ملیۆن کەس، ئەوە رەنگە ببێتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستانکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستدەبن، ئەگەر جاران سەدام حوسێن خەڵکی بە زۆرەملێ دەنارد بۆ ئەوەی بێنە کوردستان، ئەم جارەیان گۆڕانی کەشوهەوا پاڵیان پێوە دەنێت و ناچاریان دەکات بێنە هەرێمی کوردستان و خۆشتان ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەرتان داڵدەداوە، ئەوەش کێشە لە کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیی دروست دەکات، ئایا تۆ هەمان تێڕوانینی منت هەیە، ئەگەر بەم شێوەیە دەڕوانیت، چۆن رێگریی لەم سیناریۆ رەشبینانە دەکەیت؟
 
مەسرور بارزانی: ئەو مەترسیانەی باسکران راستن. هاوڕام لەگەڵ ئەوەی ئەگەر هەنگاوی خێرا نەنێین، لەوانەیە کۆچ لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەستپێبکات. ئەمەمان بینیوە و مەترسییەک نییە بۆ داهاتوو، ئێمە لەو رۆژانەدا دەژین و ئەم کۆچە دەستیپێکردووە. گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکان دەستیانپێکردووە و دەبینین لە زۆر شوێن تەعەدا لە هاووڵاتییانێک دەکرێت کە ناوچەیەکی بەپیتیان هەیە، خەڵکی هاوردە دێن و ئەوان دەردەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بکەن بە خاوەنی زەوی و شوێنەکانیان. ئەمە تەنیا لێرەدا ناوەستێت، ئێستا گریمانە لەسەر ئەوەیە کە ئەم کۆچە لەنێو عێراق کۆتایی دێت، بەڵام بەم شێوەیە نییە. ئەوەی لەسەر ئەرکی هەرێمی کوردستانە، ئێمە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو سرووشتەی هەرێمی کوردستان بپارێزین بۆ ئەوەی نەهێڵین بەبیابانبوون لێرە زیاتربێت و ئاو بەفیڕۆ بچێت. ئەمە وادەکات لێرە بتوانی لە ژیان بەردەوامبیت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بە ناوچەیەک کە خەڵکی دیکە، لە ناوچەیەکی دیکەوە کە ژینگەیەکی تەندروستیان نییە، یان بەبیابانبوون زیاد دەبێت و لەبەر هۆکاری کەشوهەوا ناچار دەبن، کۆچ بکەن و بەرەو شوێنێک بێن کە پێیوایە پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە، بۆیە بەرەو هەرێمی کوردستان دێن. ئەگەر هات و هەرێمی کوردستان نەیتوانی پێداویستییەکانیان دابین بکات، ئەوکات بەرەو شوێنێکی دیکە دەچن کە لەم بابەتەدا پێموایە کۆچێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا دەستپێدەکات. واتا ئەمە لێرەدا ناوەستێت و نابێت تەنیا ئەو کێشەیە وەکو کێشەیەکی لۆکاڵی سەیر بکەین کە تەنیا لە عێراق روودەدات. راستە، عێراق زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە لەژێر کاریگەریی کەشوهەوادایە، بەڵام ئەم کۆچە لە عێراق دەستپێبکات، لە کوردستان ناوەستێت و بەرەو ئەوروپا دەڕوات. بۆیە پێویستە هەموو لایەک و ئەوروپییەکان بێن و یارمەتی ئێمە بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر کە چۆن ئێمە لە بنەڕەتدا چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین. کاتێک کۆچ دەستیپێکرد، کۆمەڵێک کێشەی دیکە لەگەڵخۆی دەبات. من لە لوتکەی 28 باسی ئەوەم کرد، واتا ئەگەر ئەم کۆچە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەستپێبکات، کێشەی ئەمنی، ئابووری، کولتووری و سیاسیش لەگەڵ خۆی دەبات و وڵاتانی ئەوروپا دەبێ لەگەڵ هەموو ئەو کێشانە ململانێ بکەن، بەڵام ئەگەر ئێستا بیر لەوە بکەنەوە کە بەشداربن لە چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکە لە خودی وڵاتەکە، تەنیا لەوانەیە تێچووی داراییان لەسەر بکەوێت بۆ یارمەتیدانی ئەم وڵاتانە، بەڵام دەکرێت سەرئێشەیەکی زۆر گەورە لەکۆڵ ئەوروپییەکان بکاتەوە کە چیدیکە ناچار نەبن رووبەڕووی کۆچی بەکۆمەڵ ببنەوە. لە عێراقیش ئەگەر ئیمکانیەت هەبێت، دەبێ بیرێکی رژدی لێ بکرێتەوە و ئیدارەیەکی زۆر رێکوپێکتر دروستبکرێت بۆ ئەوەی ئەم سرووشتەی لە عێراق هەیە، بە خەسار نەچێت. عێراق هێشتا نەگەیشتووەتە رادەیەک کە ئاوی نەبێت، بە بەراورد لەگەڵ ئوردن و سووریا، عێراق ئاوی هەیە، بەڵام باش بەکاری نەهێناوە. دەبێ بە جۆرێکی دیکە بیر لە ئیدارەدانی سەرچاوە سرووشتییەکان لە عێراق بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەفیڕۆدان کەمتر بێت و پەروەردەی خەڵکیش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە بە جۆرێک بێت کە چیتر تێکی نەدەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بنیاتی بنێنەوە. هەروەها شێوازی ژیانکردن لەم وڵاتانە دەبێ بە جۆرێک بێت کە سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەربگیرێت بۆ ئەوەی بەو ئیمکانیاتانەی بەردەستیانە پێداویستییەکانیان بەرهەم بهێنن. بابەتی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەش دەبێت بگونجێت لەگەڵ ئەم پێداویستییانەی ژینگەکە دەتوانێت بۆت دابین بکات.

 

پرسیار: چۆن قەناعەت بە هاووڵاتییەکی عێراقی دەکەیت کە 13 منداڵ لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا زۆرە؟ لە کوردستان باشە لەبەر ئەوەی رێژەی منداڵبوون لە 1.9 دەرناچێت و لە نێوان ئیمارات و کوێت و سعودیەدایە، بەڵام لە باشووری عێراق رێژەکە دەگاتە 4.9 و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت: دەبێ زیاتر لە 570 ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت تەنیا بۆ پەروەردەکردنی کولتووریی عێراقی کە رێگە بەوە بدرێت تێی بگەیێنن 13 منداڵ زۆرە.
 
مەسرور بارزانی: جا پرسیارەکە ئەوەیە من چۆن قەناعەتیان پێبکەم 13 منداڵ زۆرە؟ وەڵا ئەوە بە من ناکرێت.
 
پرسیار: جەنابت چی لێدەکەیت؟ لە پێگەی بەرپرسیارێتییەوە. بۆ نموونە من سەرۆکی ناوەندێکی توێژینەوەم، هەرچی بڵێم تەنیا تیۆری بەرهەم دەهێنم، بەڵام جەنابت و محەممەد شیاع سوودانی لە ناوەندی بڕیاردان، پارە و بڕیار لە دەستی ئێوەدایە، هاوکات بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەش لەدەستی ئێوەیە، جەنابی سەرۆکی حکومەت 13 منداڵ زۆرە؟
 
مەسرور بارزانی: جارێ با من راستی بکەمەوە، پارە لەبەر دەستی من نییە. ئێمە دەبێ هەموو مانگێک شەڕ بکەین بۆ ئەوەی لە بەغداوە بەشە بودجەمان بۆ بنێرن، بەڵام ئەوەی جەنابت باست کرد پێموایە زۆر گرنگە. من ئاماژەم پێدا کە دەبێت بابەتی پەروەردە بکرێت بە بابەتێکی گرنگ بۆ تێگەیاندنی خەڵک کە بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە خێزانێک جەند منداڵی هەبێت، دەبێ بیر لە داهاتووی منداڵەکەش بکرێتەوە. ئەگەر تێگەیشتنی خەڵک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ تەواو نەبێت، بیر لەوە ناکاتەوە چەند منداڵی هەبێت. بەڵام ئەگەر بیر لە بژێوی ژیانی خۆی بکاتەوە کە ئایا دەتوانێت ئەو منداڵە بە جۆرێک پەروەردە بکات کە بتوانێت هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دابین بکات لەڕووی ژیان، خواردن، پەروەردەکردن، پێگەیاندن و پێداویستییەکانی رۆژانەی ژیان، ئەگەر ئەوانەی بۆ دابینکرا، دەتوانێت زیاتر لەوە منداڵی هەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم توانایانەی نەبێت و بەمشێوەیە بیر نەکاتەوە، دەبێ ئەوکات بیر لەوە بکاتەوە کە تەنیا ژمارەی خێزانەکەی بە جۆرێک کۆنتڕۆڵ بکات کە بتوانێت بیژێنێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر بابەتی پەروەردەکردن و بە قسە و بە فەرمانیش ناکرێت، دەبێ لە قوتابخانەکانەوە خەڵک فێربکرێت کە  چۆن لەگەڵ ژینگەکەی بژیت.
 
پرسیار: باست لەوەکرد کە کۆچ تەنیا مەترسی نییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو مەترسیشە لەسەر ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوا، ئێستا لە ئەورووپا بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان توانیویانە لە پرسی کۆچبەران هەڕەشەیەکی زۆر گەورە دروستبکەن و هەموو کۆمەڵگە ئەورووپییەکان بترسێنن و کۆچبەر وەکو ئەژدیهایەک ببینن کە کۆمەڵگەکان قووت دەدات، بەڵام لە ئەورووپا دەوڵەتەکان بە شێوەیەک بناخەیان بۆ داندراوە کە بتوانن بە شێوەیەک ئەو مەترسییانە هەرس بکەن، ئێوە لە هەرێمی کوردستان چی دەکەن بۆ ئەوەی ژێرخان بۆ کۆمەڵگەکەتان دروستبکەن بۆ ئەوەی لە قۆناخی دەوڵەتی لەرزۆک بێتە دەرەوە و توانای ئەوەی هەبێت رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانەگەورەکان، قەیرانی ئابووری و قەیرانەکانی وەکو دابەزینی نرخی نەوت ببێتەوە؟
 
مەسرور بارزانی: دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەموو وڵاتێک پێویستە بۆ ئەوەی بتوانرێ پێشکەوتنی تێدا دروستبکرێت. سێکوچکەی حوکمڕانی لە هەر وڵاتێک ئابووری، سەقامگیریی سیاسی و دابینکردنی ئاسایشە. هەریەک لەمانە کێشەی تێبکەوێت، ئەم وڵاتە لەرزۆک دەبێت و کێشەی تێدەکەوێت. ئێمە هەوڵمانداوە، هەرێمی کوردستان سەرباری ئەوەی لە ناوچەیەکی زۆر قەیراناویدا ژیاوە و مەترسی یەکجار زۆری لەسەر هەبووە، بەڵام لەڕووی ئاسایشەوە ناوچەیەکی سەقامگیر بێت، سوپاسی هەموو پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەکەم کە بە شەو و رۆژ خەریک بوون ئەو ئەمنیەتە بۆ وڵات و خەڵکی کوردستان دابین بکەن. لە لایەکی دیکەوە هەوڵماندا ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە کوردستان دروستبکەین، لەبەر ئەوەی ژێرخانی ئابووری وادەکات خەڵک پابەندبێت بە بنیاتنان. بە ئایندە و بەوەی کە بیر لە چاککردن بکات نەک خراپکردن و تێکدان. ئەمانەش هەردووکیان یارمەتیدەر دەبن بۆ دروستبوونی کەشێکی سەقامگیری سیاسی لەم وڵاتەدا. ئەوەی کە لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەو وڵاتانەی دامەزراوەیین و ژێرخانیان هەیە، لەسەر ئەم سێ کوچکەیە کاری تەواویان کردووە. ئێمە لە عێراق، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی کوردستان بە سێوەیەکی تایبەت کە بەرپرسیارێتی راستەوخۆی ئێمەیە، دەبێ لەسەر ئەمە کار بکەین و کاریشمان کردووە. زۆر شتمان کردووە بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری، وەکو باسم کرد، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، تەنیا ئێمە پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، یان تەنیا گاز نەبێت و بتوانین کشتوکاڵیش وەکو سەرچاوەیەکی داهات بەکاربهێنین، کارگەمان هەبێت و پەرە بە پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بدەین، تەنانەت بابەتی گەشتیاریی و هێنانی خەڵک بۆ سەردانیکردن و ببێت بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەرێمی کوردستان. ئەگەر ئابوورییەکی بەهێزت هەبوو، ئەوکات دەتوانی کاریگەریت لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک ببێت، خەڵک باشتر بیر دەکاتەوە و بیر لە سەقامگیری سیاسی دەکاتەوە. ئەوانە هەمووی بەیەکەوە بەستراونەتەوە. لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هیوادارم بتوانین بگەینە ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە کە هەموو شتێک بە چاوی سیاسی سەیر نەکرێت و هەموو شتێک بە سیاسی نەکرێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەنگاوی باش لەڕووی دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بنێت، ئەمە بە مەترسی نەزانێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بە پشتیوانییەکی بەهێز بۆ وڵاتەکە بزانێت. پشتیوان بێت لەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیرییەکی ئابووری بەهێز دەڕوات. نموونەیەک باس دەکەم؛ لە کوردستان هەوڵی ئەوەمان داوە گرنگی بە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین.
 
پرسیار: بەدیجیتاڵکردنی سیستمی ئابووری بریتییە لە چی؟
 
مەسرور بارزانی: بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتییان، جێبەجێکردنی ئەو پێداویستییانەی خەڵک، کەمکردنەوەی رۆتین، زیادکردنی خزمەتگووزاری. ئەمانە هەمووی کاریگەرییان هەیە لەسەر شێوازی پێشخستنی خزمەتگوزاری و ئابووری. بابەتی بەبانکیکردن یان بەدیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی و دوورکەوتنەوە لە سیستمی ئابووری کاش کە بەمجۆرە سنووردار دەبین بەوەی چۆن ئابووری وڵاتەکەمان پێشبخەین، بەڵام ئەگەر توانیت بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمێکی پێشکەوتووی ئابووری دابنێین کە بێگومان دەبێت سوود لە کەرتی تایبەت و بانکە تایبەتەکان وەربگریت، بەبانکیکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ نموونە بابەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و کەرتی تایبەت، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی باش بێت لە پێشخستنی ئابووری وڵات. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئابوورییەکی باشت هەبوو، ئەم ئابوورییە دەوڵەمەندت دەکات، ئەو داهاتەی لەو دەوڵەمەندبوونە دێتە دەستەوە، دەتوانی جارێکی دیکە بەکاری بهێنییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانەی لە بابەتی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن. چۆن ئمە رووبەڕووی وشکەساڵی و بەبیابانبوون ببینەوە؟ هەمووی پێویستی بە ئیمکانیەتە، بەڵام ئەو ئیمکانیەتە لەکوێ دێت؟ دەبێ خۆت هەوڵ بدەیت ئەو ئیمکانیەتانە دروست بکەیت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشمان هاویشتووە. ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کە لەوانەیە زۆریی دیار نەبێت و هەستیان پێنەکرێت، بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوو هەست بەوە دەکرێت کە چ هەنگاوێکمان هاویشتووە بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە دروستبکرێت و ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان دروستبکرێت کە خەڵک بتوانێت پشتی پێببەستێت. هیوادارم ئەوە لە هەموو ناوچەکانی عێراقیش پەیڕەو بکرێت، ئەمەش بێگومان بەوە دروستدەکرێت کە یارمەتیدەری یەکتر بین و هەستیاریی سیاسی رێگر نەبێت لە پێشکەوتنی ئابووری.
 
پرسیار: ژاماخکۆ یەکێکە لەو پرۆفیسۆرانەی کە 37 ساڵە لەسەر تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق و پرسی کورد کار دەکات، دەیەوێ پرسیارێک لە سەرۆکوەزیران بکات. ژاماخکۆ: من چاودێریی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشم کردووە، لە 15 ساڵی رابردوودا هەست دەکرێت ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر یارییەکی ئازادانە دەکەن، پێتوایە ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت، ئەگەریش سەیری گۆڕانی کەشوهەوا بکەین، ئەو هەستەمان بۆ دروستبووە کە بەرپرسان گفتوگۆ لەسەر دۆسیەکان دەکەن، واتا هەندێک جار دۆسیەیەک هەڵدەگرن بۆ گفتوگۆ و ئەوانی دیکە لەبیر دەکەن، ئایا گۆڕانی کەشوهەوا یەکیکە لەو دۆسیانەی لەبەردەستتانە؟ ئایا کەمی ئاو و ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو یەکێکە لەو فایلانەی نێوان هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا؟ ئایا گەیشتوونەتە تێگەیشتن و سیاسەتێکی هاوبەش؟
 
مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان پێی خۆش بێت یان نا، دەبێ لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانی عێراق بکات، تورکیا دراوسێیەکی بەهێزی عێراقە و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان عێراق و تورکیادا زۆرن. کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق بەرژەوەندیی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە. لەوانەیە یەک لە هۆکارەکانی ئەوەی تورکیا پەیوەندیی بەهێزتری لەهەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەو کەشە گونجاوە بووە بۆ بزنس. هەرێمی کوردستان ئارامتر بووە، ئاسانتر بووە کاری تێدا بکرێت و کۆمپانیای تورکی بە رێژەیەکی زۆر زیاتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە تورکیا حەز نەکات لە شوێنەکانی دیکەی عێراق وەبەرهێنان بکات. ئەو سەردانانەش کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکرێن، بۆ ئەوەیە پەیوەندی ئابووری لە نێوانیاندا بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر بڕوات، یەکێک لەوانە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرە کە لە نێوان تورکیا بێت و لە عێراقەوە بەرەو وڵاتانی کەنداو بڕوات کە هیوادارین بەرژەوەندی هەموو عێراق لەم چوارچێوەیەدا لەبەرچاو بگیرێت، بەتایبەتیی هەموو پێکهاتەکان بە کورد، تورکمان، کریستیان، شیعە و سوننەوە سودمەند بن. عێراق تەنیا خەتی پەیوەندیی کەنداو و ئەوروپا نەبێت، بەڵکو خەڵکی عێراقیش سودمەندبن  لەو پرۆژەیە، بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتیدەریش بن لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە لە نێوان ئەوروپا و کەنداو. کەواتا لێرەدا بەرژەوەندیی هاوبەش زۆر هەیە. تورکیا ئاوی بەدەستەوەیە، عێراق سەرچاوەی ژێرزەویی زۆری هەیە کە دەتوانن هەردوو وڵات  لە دانوستانەکانیاندا بەکاری بهێنن کە چۆن بتوانن سوود لەو سەرچاوە سرووشتیانە وەربگرن، جا چ نەوت بێت، چ ئاو بێت، چ گاز و بابەتی بازرگانیکردنی کاڵاکان بێت لە نێوان هەردوو وڵات یان توانایی مرۆیی بێت. هەموو ئەوانە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی دروست بنیات بنرێت، کوردستانیش تێیدا سوودمەند دەبێت و هەردوو وڵاتیش سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم پەیوەندییانە.
 
پرسیار: پرسیارێکی قورس هەیە کە رەنگە تاوەکو ئێستا ناوەندە توێژینەوەکان لە ئەورووپا و رۆژئاواش نەیانتوانیوە وەڵامێکیان لێی دەستبکەوێت، ئەگەر نەتویست وەڵامەکەی بدەیتەوە تەنیا بڵێ کۆمێنتم نییە، خێرە رێگەی گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، (پێموایە یەک لەو حکومەتانەیە کە لە 2003وە تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی زۆر جوان و ئاساییتان هەیە و بەردەوام پستگیری یەکتر دەکەن)، بەڵام خێرە ئەم رێگەی گەشەپێدانە بەو هەموو پارێزگایەی عێراقدا تێدەپەڕێت، بەڵام کە دەگاتە سنووری کوردستان پێچدەکاتەوە بۆ ئەوەی لە چەند کیلۆمەترێکی کورتکراوەدا بە خاکی کوردستاندا تێپەڕێت، هۆکارە بابەتییەکە چییە کە ئەم رێگەی گەشەپێدانە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا تێناپەڕێت؟ ئایا بابەتەکە سیاسییە، ئایدیۆلۆژییە، کولتوورییە، جیۆپۆلیتیکە یان هیچیەک لەمانە نییە و جەنابت دەیزانی و دنیای توێژینەوەی ئێمە نایزانێت؟
 
مەسرور بارزانی: من دەتوانم بە جۆرێکی دیکە وەڵام بدەمەوە، ئەو تێڕوانینەی ئێمە بۆ رێگەی گەشەپێدان هەمانە، ئەگەر بەو پێشنیازەی ئێمە پێشکێشی بەغدامان کردووە، زۆر زۆر سوودی زیاتر دەبێت لەوەی کە هەندێک کەس بە پێچەوانەوە خەتێکی جێگرەوەیان کێشاوەتەوە، هێشتا من نازانم گەیشتووەتە دوا قۆناخ یان نا؟ چونکە هێشتا دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ ئەوەی بگەینە دوا قۆناخ و دوا بڕیار کە بە چ شێوەیەک دەبێت. هیوادارم ئەمە یەکلایی نەبووبێتەوە، چونکە پێموایە ئەو پێشنیازەی ئێمە هەمانە سوودی زۆر زیاتر دەبێت. ئەوەی کە هەیە، لە تورکیاوە هێڵێک بە عێراقدا تێدەپەڕێت و تاوەکو کەنداو دەڕوات، کێشەکە ئەوەیە کە لەنێو عێراقدا بە چ شوێنێکدا دەڕوات؟ ئەوەی پێشتر ئێمە پێشنیازمان کرد، لە زاخۆوە بە باشووری دهۆک و ناوچەی سێمێل، واتا بە رۆژهەڵاتی دیجلەدا بێتە ناوەوە و بچێتە مووسڵ و لەوێڕا بچێتە هەولێر و دواتر بۆ کەرکووک و و لە کەرکووکیشەوە بۆ بەغدا و نەجەف و تاوەکو بەسرە بڕوات، ئەمە ئەو پێشنیازە بوو کە پسپۆڕان لە هەرێمی کوردستان پێیان وابوو باشترین رێگەیە، چونکە هەموو پێکهاتەکان بە کورد، تورکمان، کریستیان، شیعە و سوننەوە لێی سوودمەند دەبوون و هەموو شارە گەورەکانی عێراقیش تێیدا بەشدار دەبوون، ئەوەی کە تاوەکو مووسڵ بێت، بەڵام لە مووسڵەوە بە رۆژئاوای دیجلەدا تێپەڕێت، بە ناوچەیەکدا دەڕوات کە چۆڵە، بەسەر سنووری سووریادا دەڕوات.
 
پرسیار: هۆکار چییە؟
 
مەسرور بارزانی: من ناتوانم لەجیاتی کەس وەڵام بدەمەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە هۆکارەکە هەرچییەک بێت، پلانێکی هەڵەیە. سوودی وەکو ئەو پلانەی دیکە نییە کە ئێمە پێسکێشمان کردووە. پێمان وایە ئەوەی ئێمە باسی دەکەین زۆر باشترە. بێگومان ئەوەی ئێمە بیستوومانە، ئەو کەسانەی پرۆژەکەیان پێشکێشکردووە، وایان لە سەرۆکوەزیران گەیاندووە کە ئەم پرۆژەیە ئەگەر بەمشێوەیە بێت هەرزانترە، چونکە شاخ و پرد و رووباری تێدایە و تێچووی زۆر زیاتر دەبێت ئەگەر بە رۆژهەڵاتی دیجلەدا بڕوات، ئەوەی ناوچەکەی بینیبێت، دەزانێ ئەوە راست نییە. با بچن و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بکەن، بزانن بە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلەدا، کامیان تێچووی کەمترە. ئەگەر بابەتەکە ئابووری بێت، کە کامەی تێچووی کەمترە، با بێن و لەسەر ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە بکەن و بزانن چۆنە و سوودی پرۆژەکە چۆن دەبێت، ئەگەر بابەتەکەش ئابووری نەبێت، ئەوکاتی لێکدانەوەکەت راستە و واتە دەبێ بابەتەکە سیاسی بێت، ئەگینا بە چ جۆرێک تۆ پرۆژەیەک جێبەجێ دەکەیت کە دەزانی سوودی ئابووری بەم جۆرە زۆر باشترە لەوەی دیکە، بەڵام هەمدیسان دەچی و ئەویدیکە هەڵدەبژێریت؟ کەواتە دەبێ بابەتەکە سیاسیبێت! هیوادارم وا نەبێت و هیواداریشم هێشتا نەگەیشتبێتە قۆناخی کۆتایی، ئێمە دیسان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و سەرۆکوەزیران قسە دەکەین و هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ئەو بیروبۆچوونەی خۆمان بخەینەڕوو کە ئەم پرۆژەیە، تەنیا گەشەکەی بۆ وڵاتانی دەرەوەی عێراق نییە و بۆ ئەوەی هەموو عێراق تێیدا سوودمەندبێت، پێمانوایە ئەو پرۆژەیەی ئێمە پێشکێشمان کردووە، لە خزمەتی هەموو خەڵکی عێراقدا دەبێت.

 

پرسیار: لە وەڵامەکەتدا وام بۆ دەرکەوت کە تاوەکو ئێستا نە بۆ میدیا و نە بۆ ناوەندەکانی توێژینەوە دەرنەکەوتبوو کە گفتوگۆ هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرۆژەیە، بەڵام تێنەگەیشتم لەوەی کە ئایا بابەتەکە سیاسییە یان ئابوورییە؟ لەبەرئەوەی لای جەنابیشت روون نییە و دەبێت چاوەڕێ بکەین، بەڵام ئایا هەموو ئەوانە وا لە ئێوە ناکات وەکو هەرسێ پێکهاتەی کورد، شیعە و سوننە لە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021 روویدا و هەڵبژاردنتان لە عێراقدا کرد، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکە یەک ساڵی رێک وەکو کۆڵانێکی داخراو بوو، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی داهاتوو لە عێراق هەڵبژاردنێکی دیکە دەکەنەوە، لە ساڵی رابردوو زۆربەی زۆری دەستکەوتەکانتان گومانی لێ دەکرا، لە فیدراڵییەوە تاوەکو پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان، بە چەکی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و پرسی ئەمنییەوە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دیالۆگێکی جیدی لە نێوان ئەو سێ پیکهاتەیە دروستببێت لەسەر پرسی دەستوور و فیدراڵیزم و چۆنیەتی پێکەوەژیان؟
 
مەسرور بارزانی: کاتەکە درەنگە. چونکە ئەو گفتوگۆیە لە ساڵی 2005 کراوە، لەم ساڵەدا هەموو پێکهاتەکان دانیشتنێکی چڕوپڕیان کردووە و دەستوورێکمان داڕشتووە، پێویستە ئەم دەستوورە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. ئێستا گفتوگۆ لەسەر چی بکرێت؟ دەبێ گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت، جونکە ئەم گفتوگۆیە کراوە. هەموو پێکهاتەکامن دانیشتوون، دەستوورێکمان نووسیوە، رێگەمان دیاریکردووە کە چۆن هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕۆین و چۆن وڵاتێکی نوێ ئاوەدانبکەین، چۆن هەموو کەسێک خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە بزانێت، ئەرکەکانی هەموو لایەک دیاریکراوە و مافی هەموو لایەکیش دیاریکراوە. ئێستا گفتوگۆ بەدەر لە دەستوور، دەبێت بە دۆزینەوەی جارەسەرێکی جێگرەوە بۆ دەستوور کە پێموایە ئێستا گونجاو نییە. دەبێ ئێمە داکۆکی لەوە بکەینەوە کە چۆن دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. جا ئەم دیالۆگە ئەگەر بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە، هەمیشە دەبێ ئەم دیالۆگە بەردەوامبێت، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەمەیە، ئەگەر لایەنێک، زیاتر لە لایەنێکی دیکە بەرپرسبێت لە جێبەجێ نەکردنی بنەماکانی دەستوور، ئەوکاتە عێراق چ میکانیزمێکی هەیە بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی نابەرپرسانە رەفتاردەکات، بیخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی مێژوویی. یان بە بەرپرسی بزانێت، لەبەر چ هۆکارێک ئەو خاڵە دەستوورییانە جێبەجێ نەکراوە؟ کێ ئەوکاتە دێت حوکم دەدات، هەنگاوی داهاتووی دوای ئەمە چۆن بێت؟ بۆیە پێموایە راستە دیالۆگ هەمیشە زۆر زۆر گرنگە، بەڵام پابەندبوون بە رێککەوتنەکان، بەتایبەتی پابەندبوون بە دەستوور مەرجی سەرەکییە بۆ رزگارکردنی عێراق لەم قۆناخە و قۆناخەکانی داهاتووش.
 
پرسیار: لە 2003 بۆ 2005 کورد و شیعە و سوننە عێراقی نوێیان دروستکرد، حەقی شیعە بەسەر عێراقی نوێوە زیاتر نییە لە حەقی کورد، حەقی کوردیش زیاتر نییە لە حەقی سوننە، واتا هەرسێکتان وەکو یەک حەقتان لە عێراق هەیە، هەست ناکەن لە 10 ساڵی رابردوو بۆشاییەکی کوردیی لە بەغدا بە جۆرێک دروستبووە کە پێکهاتەیەک هەژموون بکات و خۆی بکات بە خاوەنی بەغدا و پێکهاتەکەی دیکە بە میوان بزانێت لە بەغدا؟
 
مەسرور بارزانی: جارێ ئەم دیدارە، دیداری کەشوهەوا بوو، جەنابت کردت بە سیاسی. بەڵام من وەڵام دەدەمەوە. ئێمە پێمانوایە هەموو هاووڵاتییەک لە عێراق مافی یەکسانی هاووڵاتیی هەیە، جا کورد بێ، شیعە بێ، سوننە بێ، توکمان و کریستیان بێت، هەر کەسێک بێت دەبێ مافێکی یەکسانی هاووڵاتیبوونی هەبێت.  کاتێک مافی نەتەوە یان پێکهاتەیەک پێشێلکرا، یان کاتێک بەشێک لە پێکهاتەی عێراق خۆی بە گەورەتر زانی و مافی لایەنەکانی دیکەی پێشێلکرد، ئەوکات کێشە دروست دەبێت. دوورکەوتنەوەی کورد لە بەغدا بە حەزی کورد نەبووە، بە شێوەیەکی سیستماتیک کورد لە بەغدا دوورخرایەوە، نەک کورد خۆی ویستبێتی دووربکەوێتەوە.
 
پرسیار: دوورخرایەوە؟
 
مەسرور بارزانی: بەڵێ دوور خرایەوە. ئاوا نەبووە کورد خۆی ویستبێتی دووربکەوێتەوە. بەڵام دیسانیش من نامەوێ هەموو ئۆباڵەکە بخرێتە ئەستۆی لایەنێک، لەوانەیە کوردیش هەڵەی هەبووبێت، لەوانەیە کوردیش وەکو پێویست بەرگریی لە مافەکانی خۆی نەکردبێت، ئێستاش دەڵێم، ئێمە بێین و سەیری هەڵەکان بکەین، سەیری ئەو هەنگاوانە بکەین کە چۆن عێراقیان بە رێڕەوێکی هەڵەدا برد، ئەگەر باس لەسەر ئەوانە بکەین، لەوانەیە نەگەینە ئەنجام، بەڵام باشتر وایە ئێمە بیر لە چارەسەر بکەینەوە. چۆن بتوانین ئەم گرفتانە چارە بکەین. یەکەم شت دەبێ متمانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بگەڕێتەوە کە مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک هەیە، بەدەر لەوەی تۆ لە چ نەتەوەیەکی یان چ دینێکت هەیە، دەبێ مافی یەکسانی هاووڵاتیبوونت پارێزراوبێت، ئەم متمانەیە بۆ شیعە، سوننە و کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە هەبێت. ئەمە بەچی دەکرێت؟ بەوەی گەرەنتی بەو کەسە بدرێت کە مافی دەستووری تۆ پارێزراوە و پێشێلکراو نییە، بەڵام هەرکاتێک دەستوور بووە بە بەڵگەیەک کە بە حەز و هەڵبژاردنی خۆم هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەم،  کامەی لە بەرژەوەندیی منە جێبەجێی بکەم، ئەوەی لە بەرژەوەندی من نییە بیخەمە لایەکەوە، ئەم بێمتمانەییە زیاتردەبێت. بۆیە پێموایە ئەو دیالۆگەی باستکرد، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەبێ بەردەوامبێت. دەبێ بتوانین ئەو متمانەیە دروستبکەین، هیچ یەک لە ئێمە مافی زیاتری لەوەی دیکە نییە، وەکو پێکهاتە و هاووڵاتی. ئینجا بەمە دەتوانین زۆرێک لەو گرفتانە چارەسەر بکەین، بەڵام ئێستا پێموایە ئەو بێمتمانەییە هەیە. زۆر جار باسی ئەوەمان کردووە کە مێژووی عێراق پڕبووە لە کێشە و گرفت، لە پیکدادان و ناخۆشی و کارەسات، ترسێکیش هەیە، ئێمە ناتوانین حاشای لێ بکەین کە ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە کارەساتانە نییە. چۆن ئەم ترسە بڕەوێتەوە؟ ئێمە چۆن متمانە بگەڕێنینەوە؟ دەبێ شتێک هەبێ گەرەنتی بوونی ئێمە بکات، گەرەنتی داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ پێکهاتە، کیان و وڵات و نەتەوەکانی عێراق بکات. دەبێ ئەو گەرەنتییە هەبێت کە مافی هەموو لایەک تێیدا پارێزراوبێت.
 
پرسیار: پڕۆفیسۆر میشێل ڤیڤێرکا دەیەوێ پرسیارێک بکات؛ میشێل ڤیڤێرکا: نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە، خەڵکێکیان هەیە لە تاراوگە و هەرێمێکیان هەیە، بەڵام دەوڵەت نەتەوەیان نییە، ئێستا پرسی دەوڵەت نەتەوە زۆر گرنگترە لە چەندین ساڵی پێشوو، ئەگەر کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی هەبێت کە تەنیا دەوڵەتەکان دەتوانن تێیدا بەشداربن، ئێوە وەکو هەرێمی کوردستان ناتوانن بەشداری تێدا بکەن، پرسیاری من ئەوەیە کە ئایا باشتر وایە کوردستان وەکو دەوڵەتێک بێت یان هەر وەکو هەرێمێک بمێنێتەوە؟ کامەیان باشترە بۆ کوردستان؟
 
مەسرور بارزانی: پرسیارێکی ئاسان نییە. کوردیش مافی خۆی هەیە وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت و لە هیچ نەتەوەیەک کەمتر نییە، ئەوەی بۆ نەتەوەیەکی دیکە گونجاوە، دەبێ بۆ نەتەوەی کوردیش گونجاو بێت. بەڵام هەندێک راستی و رووداوی مێژوویی هەن و راستییەکی هەنووکەیی هەیە کە ئێمە تێیدا دەژین، با بێین و بزانین کامەیان زیاتر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە. هەمیشە مرۆڤ کاردانەوەی هەیە بەرامبەر بەو رەفتارەی لەگەڵی دەکرێت، ئەگەر کورد وەکو لایەنێکی قبووڵکراوی یەکسان لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە هەموو مافەکانی خۆی شادبێت، لەوانەیە حەزی رەتدانەوە یان رەتکردنەوەی یان هەڵوەستەکردن و بڕیارێکی دیکە نەدات، بەڵام کە تۆ بە چاوێکی کەم سەیرکرای و دوورخرایەوە، بە چاوێکی یەکسان هەڵسوکەوتت لەگەڵ نەکرا، ئەوکات ناچاری بیر لەوە بکەیتەوە کە بۆ منیش وەکو تۆ نەبم، بۆ لەتۆ کەمتر بم، بۆ ئەو مافەی تۆ هەتە، منیش نەمبێت. با ئێمە سەیری وڵاتەکان بکەین. مێژوو دروستبوونی ئەو دەوڵەتانەی سەربەخۆن، ئەوەندە کۆن نییە، بەڵام دوای ئەوەی کە روویدا، با سەیری ئەوروپا بکەین، یەکێتی ئەورووپا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروستکرا، کەواتە ئێمە دەتوانین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی لەگەڵ یەکتر بژین بەبێ ئەوەی یەکتر رەتبکەینەوە، یان بێی و پێداگری بکەیت کە من تەنیا بەو سیستمە رازیم، کورد بەدوای ژیانێکی یەکساندا دەگەڕێ لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکە لە ناوچەکە. دیسانیش ئێمە دەڵێین، ئەوەی بۆ هەموو نەتەوەکان حەڵاڵە، دەبێ بۆ کوردیش حەڵاڵ بێت. ئەگەر ئێمە بتوانین لەگەڵ یەکتر بژین و پێداویستییەکانی یەکتر دابین بکەین، بتوانین بەیەکەوە بەرژەوەندییەکانی یەکتر بەرەو پێشەوە ببەین، ئەوکات پێموایە بە قەناعەتەوە کورد دەیەوێ لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بژی، بەڵام ئەگەر قبووڵ نەکرا و بەردەوام پاڵنرا بۆ لایەک و لە ئاستێکی دیکە هەڵسوکەتی لەگەڵ کرا، ئەو پرسیارە بۆ من نییە وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو هەر تاکێکی کورد لە دڵی خۆیەوە وەڵامی ئەو پرسیارە لە کاتی خۆیدا دەداتەوە. دەبێ وا هەڵسوکەوت لەگەڵ کورد بکرێت کە نەتەوەیەکی یەکسانە لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکە لە ناوچەکە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."