دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن 'بەهۆی پەچەوە رێگە نەدرا تاقیکردنەوە بکەین' و زانکۆکە رەتی دەکاتەوە

12-05-2024
سۆران حوسێن
دوو خوێندکارە نیقابپۆشەکەی زانکۆی زاخۆ کە لە تاقیکردنەوە بێبەش کراون
دوو خوێندکارە نیقابپۆشەکەی زانکۆی زاخۆ کە لە تاقیکردنەوە بێبەش کراون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن، بەهۆی ئەوەی "نیقابیان کردووە،" رێگەیان پێنەدراوە تاقیکردنەوە بکەن. لیژنەی ئەزموونەکانی زانکۆکەش دەڵێن، ئەو چەند کچە رێگەیان نەداوە مامۆستای کچیش بیانپشکنن، ئەگەرنا کچی دیکە هەبووە پەچەشی هەبووە و تاقیکردنەوەی کردووە.
 
دوو کچ لەوانەی نیقابیان کردووە لە بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشکی دەکات، قسەیان بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ کردووە و دەڵێن، رێگەیان نەدراوە ئەمڕۆ کە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە بوو، بچنە هۆڵی تاقیکردنەوە.
 
کێشەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایار روویداوە. یەکێک لە کچەکان قۆناخی سێی کۆلێژی شەریعەیە لە زانکۆکە و بە رووداوی گوت، پێش دوو رۆژ نوێنەرەکەیان پەیامی بۆ ناردوون کە بەگوێرەی رێنوێنییەکانی لیژنەی ئەزموونەکان بۆ تاقیکردنەوەکان، نابێت خوێندکاران دەموچاویان داپۆشراو بێت.
 
ئەو خوێندکارە گوتی، "ناڕەزاییمان دەربڕی، بەڵام کەس هیچی بۆ نەکردین. ئەمڕۆ ئێمەش بە نیقابەوە هاتین، لیژنەی ئەزموونەکان هاتن و گوتیان، نابێت بەوشێوەیە بن، هۆڵێکتان بۆ جیادەکەینەوە با مامۆستایەکی کچ بتانبینێت، گوتمان باشە؛ دوو خولەکی پێنەچوو گوتیان، نابێت بەو نیقابەوە تاقیکردنەوە بکەن."
 
لە زانکۆی زاخۆ نیقاب قەدەخە کرا؟ ئەم کچە لە بەشی شەریعەیە و بەهۆی نیقابەکەی رێگەی نەدراوە تاقیکردنەوە بکات: پێش دوو رۆژ نوێنەرمان نامەی نارد و گوتی نابێت بە نیقابەوە بێنە تاقیکردنەوە.

 

 
 
ئەو خوێندکارە دەڵێت، "گوتمان پەچە لادەبەین بەس با کوڕمان لەگەڵ نەبێت و مامۆستاکانیش کە بە دیارمانەوە دەبن پیاو نەبن و کچ بن، بەڵام قبووڵیان نەکرد."
 
ئەو خوێندکارەی کۆلێژی شەریعە گوتی، دوای ئەوەی ئەوان رازی نەبوون نیقابەکەیان لاببەن، راگری کۆلێژەکەیان پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بردوون و رێگەی نەداوە وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بدەنەوە.
 
یەکێکی دیکە لەو کچانەی دەڵێت بەهۆی پەچەوە رێگە نەدراوە تاقیکردنەوەکانی بکات بە پەیامنێری رووداوی گوت، قۆناخی چواری کۆلێژی شەریعەیە و ئەم ساڵ دووەم ساڵیەتی کە پەچە دەکات و پار هیچ کێشەیەکی نەبووە بۆ تاقیکردنەوە.
 
ئەو دوو خوێندکارە دەڵێن، لە هەموو کۆلێژەکان کچی بە پەچە هەن و تەنیا لە کۆلێژەکەی ئەوان زیاتر لە 15 کچی لەو شێوەیە هەن. زانکۆکەش دەڵێن، زۆرینەی کچەکان تاقیکردنەوەکانیان کردووە چەند کچێک نەبێت، کە نزیکەی "پێنج خوێندکارن."
 
 
لیژنەی ئەزموونەکان لە زانکۆی زاخۆ بە پەیامنێری رووداویان گوت، ئەوان داوایان کردووە رێگە بدرێت سەیری رووخساری ئەو خوێندکارانە بکرێت کە پەچەیان کردووە، بەڵام خوێندکارەکان "رەتیانکردووەتەوە تەنانەت مامۆستای کچیش سەیریان بکات."
 
لیژنەکە دەڵێن، "نابێت هیچ خوێندکارێک بەبێ پشکینین تاقیکردنەوە بکات. جگە لەو چەند خوێندکارە تەواوی ئەو کچانەی دیکەی زانکۆ کە نیقابیان هەیە پشکنینیان بۆ کراوە و بەبێ کێشە تاقیکردنەوەیان کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.