گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: مانگی داهاتوو یان ئەیلوول دۆسیەی ئەمنیی پارێزگا وەردەگرینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەمساڵ دۆسیەی ئەمنیی پێنج پارێزگا لە سوپاوە بۆ پۆلیسی فیدراڵی بگوازێتەوە، پارێزگای کەرکووک یەکێک دەبێت لەو پارێزگایانە.
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمساڵ دۆسیەی ئەمنیی ژمارەیەک پارێزگای عێراق لە سوپا وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە دەستی پۆلیس، بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی تاڕادەیەکی زۆر سەقامگیریی ئەمنییان هەیە، لەنێویاندا کەرکووک."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی "ئەگەری زۆرە پارێزگای کەرکووک مانگی داهاتوو یان مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمی دۆسیەکەی بدرێتە دەستی پۆلیس."
دۆسیەی ئەمنیی لە کەرکووک لە دەستی سوپای عێراقە، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە سوپا رۆڵێکی زۆری بینیوە و بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان لە بوونی سوپا لەو شارە نیگەرانن.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ پۆلیس کردووە، گوتیشی "ئێستا دۆخی ئەمنی زۆر باشە و تاوانە تیرۆریستییەکان بۆ نزیک سفر، کەمبوونەتەوە."
قۆناخی یەکەمی رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنی بریتییە لە چوونە دەرەوەی سوپا لە سەنتەری شارەوە بۆ قەزا و ناحیەکان، دواتر لە قۆناخی دووەمدا لە سەنتەری قەزاکانیش دەچنە دەرەوە و پۆلیس شوێنەکانیان دەگرێتەوە.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی راگەیاندووە ئەمساڵ دۆسیەی ئەمنی لە 11 پارێزگای عێراق لە سوپا وەردەگیرێنەوە و دەدرێتە پۆلیس.
بەگوتەی ئەو؛ پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لەو پارێزگایانە دەبن کە لە ماوەی کەمی داهاتوودا رادەستدەکرێنەوە.
دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی زیقار، موسەننا، نەجەف، واست، بابل و دیوانییە لە ماوەی رابردوودا رادەستی پۆلیس کراونەتەوە. عەمید میقداد میری دەڵێت "گواستنەوەکە ئەنجامی باشی هەبوو و کاریگەریی لەسەر رەوشی ئەمنی ئەو پارێزگایانە هەبووە."
بەپێی کارنامەی ئەو کابینەیەی حکومەتی عێراق، دەبێت ئەمساڵ دۆسیەی ئەمنیی سەرجەم پارێزگاکان لە سوپاوە رادەستی پۆلیسی فیدراڵی بکرێتەوە.