بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک: زیاتر لە 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 500 هەزار تۆن تێدەپەڕێنێت، بەوەش لە ساڵی پار زیاتر دەبێت، تاوەکو ئێستا کەمترین بڕە گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیراوە.
 
زوهیر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران وەردەگرێتەوە، بۆیە باسکردنی تەرخانکردنی تەنیا 30 ملیار دینار بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک راست نییە، راستییەکە ئەوەیە پارەکە و بڕی گەنمی وەرگیراویش کراوە دەبێت."
 
کشتوکاڵی کەرکووک، هاوشێوەی هەموو ناوچەکانی عێراق، پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی پارێزگاکە لەچاو ساڵی رابردوو بە بڕی 40 بۆ 50 هەزار تۆن زیاتر بێت، ساڵی پار کەمتر بووە لە 500 هەزار تۆن.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 500 هەزار تۆن دەبێت، وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا بە چڕی نییە."
 
تاوەکو ئێستا کەمترین بڕە گەنمی پارێزگای کەرکووک لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە وەرگیراوە، بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوا و پلەکانی گەرما بەراورد بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تائێستا نزیکەی 10 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کەرکووک وەرگیراوە.
 
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، 30 ملیار دیناریان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای کەرکووک تەرخانکردووە.
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
 
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە.