لە نەخۆشخانە حکومەییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی کەمیی دەرمان هەیە

12-05-2023
نزار جەزا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نەخۆشخانە حکومەییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی کەمیی دەرمان و پێویستییە پزیشکییەکان هەیە و زۆربەی دەرمانەکان دەستناکەون و نەخۆش دەبێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەرمانەکانی بە نرخێکی بەرز بکڕێت. 
 
بەشێکی هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی پشکنین و دەرمانی پێویستەوە لەنێو نەخۆشخانەی حکومی، ناچاربوون بە بەهای 100 هەزار دینار دەرمان بکڕن و پشکنینی خوێن بکەن.
 
هاونیشتمانییەک بە ناوی حاجی رەشید عەلی، کە جگە لەخەمی ئامۆزاکەی، کە شەبەکە و باڵۆنی بۆ کراوە، خۆشی کۆمەڵیک نەخۆشی هەیە. لەنەخۆشخانەی شار دەرمانی دەستنەکەوتووە، بەناچاری بەبەهای زیاتر لە 80 هەزار دینار دەرمانی لەدەرەوە کڕیوە.
 
حاجی رەشید دەڵێت، "نەخۆشیی پرۆستات و گوشاری خوێنم هەبوو، دەرمانی هیچیان نەبوو، پزیشکەکە بۆی نوسیم کە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە دەرمانەکانم بکڕم، ئەو رۆژە تەنانەت حەبی پاراسیتامۆڵیش لێ نەبوو."
 
بەکر ئیبراهیم، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "دەرزییەک و حەبێکمان لەدەرەوەی نەخۆشخانە کڕی، پشکنینی جۆرێکی خوێنیشمان هەر لەدەرەوە کرد، چارەسەرییەکانی دیکەش کە لەنەخۆشخانەکە هەبوو بۆیان کردین.
 
جگە لە دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکانی وەک گۆز، دەزووی دوورینەوە، لەفاف و پاکژکەرەوە کەمن، کە لەهەموو نەشتەرگەرییەک و بەشێک لە فریاکەوتنە خێراکان بەکاردێن.
 
کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی نزیکەی 31 ملیار دیناریان وەک قەرز لای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانییە، کە بەهۆی نەبوونی پارەی کاش لەنێو بانکەکان تاوەکو ئێستا پێیاننەدراوە، ئەمەش بووەتە هۆی گرفتێک لەنێو نەخۆشخانە حکومییەکان، کە هەندێکیان بەقەرز یان لەرێگەی خێرخوازەوە دەرمان و پێداویستی پزیشکییان بۆ دابیندەکرێت.
 
کامەران ئەحمەد، نوێنەری کۆمپانیا پزیشکییەکانی سلێمانی دەڵێت، " %10ی دەرمان بۆ نەخۆشخانەیەک دەبەین بۆ ئەوەی دانەخرێت یان پەکینەکەوێت، یان هاوکارییەکی کەم لەلایەن بانکەوە بۆ کۆمپانیاکان خەرجدەکرێت، ئەمە نە بۆ کۆمپانیاکان و نە بۆ نەخۆشخانەکان چارەسەر نییە، بەڵکو تەنیا ئەوەیە کە خزمەتگوزاریی تەندروستی نەوەستاوە."
 
هاوشێوەی سلێمانی لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەڵەبجەش گرفتی کەمی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەیە، کە بەشێکی لەرێگەی خێرخوازانەوە دابیندەکرێت، بەڵام هێشتا نەبووەتە هۆی پڕکردنی رەفە بەتاڵەکانی کۆگای سەرەکیی دەرمان لەپارێزگای هەڵەبجە.
 
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لەو بارەیەوە دەڵێت، "دەرمانمان لە خێرخوازان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی سلێمانی و هەولێر وەرگرتووە. گرفتی کەمی دەرمانیش هەر لەبنەڕەتەوە لەهەڵەبجە هەبووە، واتە رۆژ  و دوو رۆژ نییە، بۆیە پێویستە بودجەیەکی تایبەت بە هەڵەبجە تەرخانبکرێت.
 
بەهۆی نەبوونی پارە لەبانکەکانی سلێمانی، رەزامەندی خەرجکردنی هەر پارەیەک بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان بدرێت، تەنیا لەسەر کاخەزە و پارەکە خەرجناکرێت، بەگوتەی هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش، کۆمپانیاکانی دەرمان 25% بۆ %50ی دەرمان دابیندەکەن، چونکە بەشێکی زۆری پارەکانیان لە قەرزدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.