لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گەرمیان گەنجێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی کەلار و کفری گەنجێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەڵاتووە.

رۆژی هەینی، 12ـی ئایاری 2023، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی کەلار - کفری و نزیک گەڕەکی شەهیدانی ناحیەی رزگاری لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و ماتۆڕسکیلێکدا روویداوە و لە ئەنجامیدا گەنجێک کە لێخوڕی ماتۆرسکیلەکە بووە بەناوی هەمزە شوکر لەدایکبووی 2003 گیانی لەدەستداوە.
 
سامان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە ئەنجامی ئەو رووداوی هاتووچۆیەدا کوڕێکی لەدایکبووی 2008 بەناوی دانا برینداربووە کە لەگەڵ هەمزە بووە. 
 
سامان عەلی ئاماژەی بەوەکرد، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی لەگەڵ ماتۆڕسکیلەکەدا پێکیانداداوە هەڵاتووە. گوتیشی: "ئۆتۆمبێلێکی دیکەی تایبەت کاتێک رووداوەکەی بینیوە، پەشۆکاوە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە ستوونێکی کارەبادا کێشاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی بریندار بووە".
 
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتیشی، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە دەیانەوێت شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە کە دوای رووداوەکە هەڵاتووە.
 
تەرمی قوربانییەکە رەوانەی دادپزیشکی کەلار کراوە.