دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی خەریکە کۆسپەکانی بەردەم پێکەوەبوون و یەکڕیزی ناهێڵێت


رووداو دیجیتاڵ

کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، دەرگەی ئاشتیشی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کردەوە. لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆک  بارزانی داوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کرد بۆ چارەسەری کێشەکان؛ دەستپێشخەرییەکە خەریکە کۆسپەکانی بەردەم پێکەوەبوون و یەکڕیزی ناهێڵێت و حیزبەکان دەست بە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە دەکەن.
 
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە رووداوی گوت، "لە دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی زەمینەی باش رەخساوە، بە بڕوای ئێمە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەکرێت و دواتریش کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی دیکە [دەکرێت] و زەمینە لەبارە بۆ کۆبوونەوە و رێککەوتن."
 
یەکێتی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت، ئامادەی کۆبوونەوە و رێککەوتنن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، "دوای قسەکانی بارزانی زەمینەی باشتر رەخسا کە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، گەشبینین بە رێککەوتن و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن."
 
هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن بەر لە 18 مانگ حیزبە سیاسییەکان رێکبکەون بۆئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاتی یاساییان لەبەر دەست بێت، بەڵام دواکەوتنیشی مانای ئەوە نییە کە لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن نەکرێت.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "چاوەڕێین پێش 18ـی ئەم مانگە حیزبەکان بگەنە رێککەوتن و دەست بە ئامادەکارییەکان بکرێن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراو، ئەگەر هاتوو لە 18ـی مانگیش رێککەوتنەکان بڕێک دوابکەون، بەو مانایە نییە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی نەکرێت."
 
دوو رۆژ پێش کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی و لەگەڵ بانگهێشتکردنی سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی لایەنە سیاسییەکان، تا رادەیێکی باش گرژییە سیاسییەکان هێوربوونەوە و زەمینەی دانیشتن و گفتوگۆ دروستبووە.