بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و نەهێشتنی کێشەکانی نێوانیان دەکات، بەڵام داواش دەکات رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر حسابی حزیبەکانی دیکە نەبێت.

رۆژی 12ـی ئایاری 2023، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پێشهاتە سیاسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە. دلێر عەبدولخالق لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە گوتی، "پێشوازی لە دەستپێشخەری کاک مەسعود بارزانی دەکەین کە داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و یەکێتی و پارتیش کردووە کۆببنەوە".
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "زۆر گرنگە" رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە داهاتوودا لەسەر حسابی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نەبێت؛ هەروەها "زۆر گرنگە" کۆبوونەوەی بەرفراوانی هەموو لایەنەکان بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خەڵک بێت.
 
رۆژی 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
دلێر عەبدولخالق گوتی، "یەكێک لەو قەیرانانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن بوونەتەوە لاوازیی متمانەی سیاسیی هاووڵاتییانە بە حیزب و دامەزراوەکان. بۆ بەهێزکردنەوەی ئەو متمانەیە پێویستمان بەوەیە متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی بەهێز بکەینەوە؛ متمانەی نێوان هاونیشتمانیان و دامەزراوەکان و لایەنە سیاسییەکان درووستبکەینەوە؛ ئەم متمانەیەش بەوە دروست دەبێتەوە کە داخوازیی هاونیشتمانیان هەنگاوی یەکەم بێ لەسەر مێزی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان".
 
گوتەبێژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەكێتی لە چەند مانگی رابردوودا کرد و گوتی، کێشەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە "حیزبی بووە نەوەک نیشتمانی".
 
دلێر عەبدولخالق لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانیش گوتی، قۆناخەکە پێویستی بەوەیە هەموو حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنیش "پێکەوە بڕیارێکی بەکۆمەڵ" لەسەر دۆخەکە بدەن.
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەشکرد، حیزبەکەی چاوەڕوانی ئەوەیە کۆبوونەوەی داهاتووی لایەنە ساسییەکان پەیوەندی بە "بەرژەوەندیی تەسکی حیزبییـەوە نەبێت؛ پەیوەندی بە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانەوە بێت".
 
دلێر عەبدولخالق کۆبوونەوە و رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئەرێنی دەزانێت و دەڵێت، دەبێتە هەنگاوێکی کرداریی بۆ زەوینەسازی بۆ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کورستان کە تێیدا باس لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بکرێت.
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دیاریکردووە بەڕێوەبچێت و "هیچ پاساوێک نەبێت" بۆ دواخستنی.