سوودانی سەردانی پەرستگەی لالش و گوندی کۆجۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ هەینی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی قەزای شنگال و گوندی کۆچۆ بکات کە بە هێمای قوربانیدانی کوردی ئێزدی هەژماردەکرێت. بەرپرسێک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: "بڕیارە رۆژی شەممە، سوودانی سەردانی پەرستگەی لالش بکات."
 
رۆژی دووشەممە 12-5-2023، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی سەردانی قەزای شنگال بکات و بچێتە گوندی کۆچۆ و لە شنگال لەگەڵ بەرپرسانی قەزاکە و خەڵکی ناوچەکە کۆببێتەوە و گوێ لە داواکارییەکان بگرێت، بۆ رۆژی شەممەش سەردانی پەرستگەی لالش بکات."
 
بە گوتەی سعود مستۆ، محەممەد شیاع سوودانی یەکەم سەرۆکوەزیرانی عێراقە سەردانی پەرستگەی لالش بکات.
 
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "لە پەرستگەی لالش لە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک، باباشێخ عەلی ئەلیاس و  میری ئێزدییان، میر حازم ته‌حسین به‌گ و ئەنجوومەنی باڵای رووحانی و پیاوماقوڵ و ریشسپیی ئێزدییان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە." 
 
سەردانەکە، وەک سعود مستۆ دەڵێت، "زۆر گرنگە بەتایبەت یەکەم سەرۆکوەزیرانە سەردانی پەرستگەی لالش بکات، باسی بارودۆخی ئێزدییەکان و کێشەکانیان دەکرێت، بەتایبەت ئێستا رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند کێشەیەکی دیکە خەڵکی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
 
لالش، پەرستگەی کوردی ئێزدییە و دەکەوێتە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، لەناوچەیەکی شاخاوی هەڵکەوتووە و کوردی ئێزدی بە پیرۆزترین شوێنی دەزانن. 
 
سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 12-5-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا.
 
لە 15ـی ئابی 2014، داعش پەلاماری گوندی کۆچۆی دا، سەرەڕای کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە 400 پیاوی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعش هەر لەنێو قوتابخانەی گوندی کۆچۆ، زیاتر لە 700 کچ و ژنیشیان رفاندن.
  
داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاند، کە 3548یان لە رەگەزی مێ بوون، 2869یان نێر بوون، لەوانەش 3562یان رزگارکراون کە 1207یان ژن بوون و 339یان پیاو بوون، هاوکات 1059 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕیش رزگار کراون