لە ساڵێکدا دوو هەزار و 247 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی رابردووی هەتاوی بەراورد بە ساڵی پێشووتر گیانیان لەدەستداوە 16٪ زیادیکردووە.
 
رۆژی هەینی 12-5-2023، رێکخراوی دادپزیشکی ئێران ئاماری قوربانییانی هاتووچۆی لە ساڵی 1401ی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە. 
 
بە پێی ئامارەکە، لەو ساڵەدا واتە لە 21-3-2022 تاوەکو 21-3-2023 لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 19 هەزار و 237 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە دوو هەزار و 247 کەس لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە دەکاتە 11.6٪ی کۆی قوربانییانی رووداوی هاتووچۆ لە هەموو ئێران.
 
بە گوێرەی ئامارەکە، لە پارێزگای ورمێ 647 کەس، لە پارێزگای سنە 447 کەس، لە پارێزگای کرماشان 493 کەس، لە پارێزگای ئیلام 180 کەس و لە پارێزگای لوڕستان 480 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
قوربانییانی رووداوی هاتووچۆ لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشووتر 16.2٪ زیادیکردووە. 
 
لە ساڵی 1400ی هەتاوی واتە لە 21-3-2021 تاوەکو 21-3-2022، 16 هەزار و 556 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی بریندارانی رووداوی هاتووچۆوە هەیە، ژمارەی بریندارانی رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵی 1401ی هەتاوی 369 هەزار و 279 کەس بووە کە 16.4٪ زیاترە لە ساڵی پێشتر.