باڵە جیابووەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کامیلی حاجی عەلییان بە رابەری خۆیان دیاریدەکەن

12-05-2023
هۆرڤان رەفعەت
کاتی دەنگدان بە کامیلی حاجی عەلی لەلایەن ئەندامە جیابووەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنێو باخێکدا، وێنە: رووداو
کاتی دەنگدان بە کامیلی حاجی عەلی لەلایەن ئەندامە جیابووەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنێو باخێکدا، وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

ئەندامە جیابووەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردن و بەیعەتدان بە کامیلی حاجی عەلی بۆ "رابەری بزووتنەوەکە" لەنێو باخچەیەک دەنگیان دا، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە رێگرییان لێکرا بچنە نێو تەلاری هونەر لە سلێمانی بۆ دووبارەکردنەوەی کۆنگرەی 12ی حیزبەکەیان.
 
دەنگدانەکە لەناو باخچەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بەڕێوەچوو، د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەموو رێکارەکانمان تەواو کردبوو، هەموو کادران و ئەندامانی کۆنگرە ئامادە بوون، هەروەها هۆڵیش گیرابوو، بەڵام لە کاتی زایەعدا، واتە کە کات خەریکبوو تەواو دەبوو، لە کاتی تەواوبوونی دەوام لە کاژێرەکانی کۆتایی رۆژ پێیان گوتووین کۆنگرەکە مەکەن و هەندێک چاوەڕێ بکەن."
 
ئەندامەکانی ئەم باڵەی بزووتنەوە دەڵێن، شەرعیەت لە دەنگدانی راستەوخۆی خۆیان وەردەگرن و رابەرایەتیی بزووتنەوەکەیان دوای  36 ساڵ لە بنەماڵەی عیرفانی حاجی عەلی عەبدولعەزیز وەرگرتووەتەوە.
 
گوڵزار قادر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی گوت، "کۆمیسیۆنی بەغدا یان هەرێمی کوردستان، ئیعتراف بە ئێمە بکەن یان نا، لەسەر ئیعترافی کەس نەوەستاوین، چونکە ئێمە خۆمان هەین، لەسەر کەس نەوەستاوین، ئەی کە پێشتر لە شاخ بووین دەنگدانمان دەکرد، کێ ئیعترافی پێدەکرد؟"
 
رووداو چووە ماڵی بەرپرسیکی باڵای باڵی یەکەمی بزووتنەوە، ئەو دەڵێت، لە کۆی حەوت کەسی دەستەی دامەزرێنەر شەش کەس و هەموو دامەزراوە یاساییەکانی بزووتنەوە و زۆرینەی ئەندامان لای ئەوانە و باڵەکەی کامیلی حاجی عەلی دەست لە پشتیان دراوە و هاندراون تاوەکو ئەمڕۆ بە نایاسایی کۆنگرە بکەن.
 
ئیحسان مەلا عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی لە بزووتنەوە جیابوونەتەوە، با بڕۆن چی دەکەن بیکەن، بەڵام هیچ شەرعییەتێکیان نییە، چونکە بزووتنەوە رابەر و شوورا و مەکتەب سیاسی و کادر و مەڵبەندی خۆی هەیە و تەعەمولیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوانەی ئەوان شەرعی و یاسایی نین، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆ بەشدار بوون و وێنەیان نیشانی ئێمە داوە، ئێمە زۆرینەیان ناناسین، چونکە چوون خەڵکیان بانگ کردووە، پێیان گوتوون بچن تەسکەرەکانتان بهێنن، داتاندەمەزرێنین."
 
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق قسەی جیاوازی هەیە و دەڵێت، هەردوولا بەناوی بزووتنەوەوە بە دوو لیستی جیا ناویان پێشکێش کردووە؛ لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەکان زیاتر لە دوو هەفتەی دیکەیان پێویستە، بۆیە رێگەیان نەداوە کۆنگرە بکرێت.
 
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "ویستمان دەرفەتێک بدەینە هەموو لاینەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی تاوەکو بەشداربوون لەو کۆنگرەیە، بڕیارمان دا بە دواخستنی کۆنگرەکە بۆ چەند رۆژێک بە مەبەستی پێداچوونەوە بەو ناوانەی پێشکێشی ئێمە کراون."
 
هەردوو باڵەکەی بزووتنەوە رابەری خۆیانیان هەیە و هەردووکیشیان بە تەکبیرات و بەبێ دەنگدان هەڵبژێردراون، بەڵام ئێستا لە کۆمیسیۆنی عێراق هەردوو بزووتنەوەکە وەکو حیزبێکی بێ کۆنگرە تەماشا دەکرێن و چاوەڕوانن بە فەرمی خۆیان بناسێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.