رووداو - هەولێر
تاوەکو ساڵی 1974 هیچ ئافرەتێک لە عێراق لەسێدارە نەدراوە، لەو ساڵەشدا یەکەم ئافرەت کە ملی بەر پەتی سێدارە کەوت، لەیلا قاسم بوو.
سەبیحە قاسم، خوشکی گەورەی لەیلا قاسم چیرۆکی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی لەیلای خوشکی دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو رۆژەی کە دەستگیریان کردووە ئەو لە ماڵەوە نەبووە، دەشڵێ "هەموو رۆژێک کە لە جەلەولا لە دەوام دەگەڕامەوە، لەیلا خۆی دەرگای بۆ دەکردمەوە، زۆر بە کەیف خۆشی".
لەیلا قاسم، لە ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە قەزای خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی 1970 پەیوەندیی بە یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە. وەکو خۆی باسیکردووە، بۆیە بەم شێوەیە خەباتی کردووە، تاوەکو بیسەلمێنێت کە ژنانیش دەتوانن لەپێناو نیشتماندا خەبات بکەن و خوێن بڕێژن.
لەیلا لە ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسیی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەکو باسدەکرێت قوتابییەکی زیرەک بووە، بۆیە مامۆستاکان زۆر خۆشیاندەویست.
سەبیحە قاسم دەڵێ، لەیلای خوشکی بەردەوام حەزی دەکرد ئیمتیاز دەربکات.
لە ساڵی 1974 لە سەرەتای تێکچوونی پەیوەندیی سەرکردایەتیی شۆڕش لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار هاوڕێی بە ناوەکانی "جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران" دەستگیرکران، راگەیاندنی بەعس لەیلا قاسمیان وەکو "گێرەشێوێن و تیرۆریست" ناساند، بەبێ ئەوەی خۆی دانیپێدابنێت.
بە گوتەی سەبیحەی خوشکی، لەیلا 13 رۆژ لە زیندان بووە؛ پێش ئەوەی لەسێدارەبدرێت، ئەنگوستیلەکەی بە کەسێکی خەڵکی جەلەولادا بۆ خوشکەکەی دەنێرێتەوە.
لە کاژێر 07:00ی بەرەبەیانی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و هەرچوار هاوڕێکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران. ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوە و لەسێدارەدانی وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسیی عێراق باسکرا.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئەوکاتەی لەیلا قاسم لە بەندیخانە بووە، داوای لە دایکی کردووە، ئەگەر سەردانی کرد، مقەستێک و جلە کوردییەکەی بۆ ببەن، دایکیشی بۆی دەبات، بە مقەستەکە کەمێک لە قژی خۆی دەبڕێ و دەیداتە دایکی، پێی دەڵێ وەکو یادگاری لەلای خۆی هەڵیگرێت، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەگاتە کاروانی شەهیدان و بە جلی کوردییەوە دەبێتە بووکی کوردستان؛ لەوکاتەشەوە نازناوی "بووکی کوردستان" بۆ لەیلا قاسم یەکلایی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ