داوا دەکرێت لە هەرێمی کوردستان کیسی کاخەز جێگەی کیسی نایلۆن بگرێتەوە

رووداو-هەولێر

لە باشووری کوردستان نایلۆن بە کیسی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵا و شتومەک لەقەڵەمدەدرێت. تاوەکو ئێستاش کیسی نایلۆن کیسی سەرەکییە لە نانەواخانەکان، دەرمانخانەکان، مارکێتەکان و بازاڕەکانی میوە و سەوزە. ژینگەپارێزان داوا دەکەن تاوەکو لە بری بەکارهێنانی نایلۆن، کیسی کاخەز بەکاربهێنن. سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو ماددەیەی لە نایلۆنەوە دەردەچێت کاریگەری خراپی لەسەر نەزۆکی دەبێت.

ساڵانە زیاتر لە 32 ملیۆن نایلۆن تەنیا لە دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر لە نانەواخانەکان بەکاردەهێندرێن کە بۆ ئەوەی دووبارە لەنێو ژینگە بتوێنەوە پێویستیان بە لانیکەم 500 ساڵ هەیە. 

لە چوارچیوەی جێبەجێکردنی فەرمانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 سەبارەت بە بەکارهێنانی کیسی کاخەزی لەبری کیسی نایلۆن دەرکراوە، هەفتەی رابردوو قایمقامییەتی سلێمانی بڕیاریدا بەکارهێنانی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەموونخانەکانی ئەو شارە قەدەخە بکات و بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی پێکهێنا. 

سامان بەشارەتی پەیامنێری رووداو لەنێو نانەواخانەیەکەوە لە سلێمانی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: "لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێن ماوەیەکی پێدەچێت تاوەکو کیسی کاخەز بێتە نێو بازاڕەوە". خاوەنی نانەواخانەیەکیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە بەوان نەگەیشتووە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو داوا لە قایمقامیەتی سلێمانی دەکات بە زووترین کات ئەو بڕیارە دەربکات چونکە زۆر بەپێویستی دەزانێت هەم بەهۆی زیانە تەندروستییەکانی و هەمیش بەهۆی زیانەکانی بۆ ژینگە.

لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی نایلۆن و کەرەستە پلاستیکییەکان لەسەر ژینگە د. هەڵو مستەفا عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە نایلۆندا ماددەیەکی ژەهراوی هەیە، کە پێی دەڵێن (by phenol A) ئەو ماددەیە لە ئاودا دەتوێتەوە و ژەهراویشە، ئەگەر سەموون یان نان بە گەرمی بخرێتە نێو کیسێکی نایلۆنەوە هەڵمێک پەیدا دەکات، لەو رێگەیەش دەرفەتێک دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەو ماددەیە بچێتە ناو ئەو هەڵمە و بتوێتەوە".

هەڵو عەسکەری دەڵێ: "ئەگەر ئەو ماددەیە بچێتە لەشی مرۆڤەوە کاریگەرییەکی زۆر لە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ وەکو جگەر و گورچیلە و سیستەمی زاوزێ دروست دەکات، ئەو ماددە کیمیاییە لەنێو لەشدا بەتایبەت لەشی ئافرەت وەکو هۆرمۆنی ئیسترۆجین کار دەکات، ئەگەر هاتوو ئەو هۆرمۆنەش زیادبێت کاریگەری خراپی لەسەر نەزۆکی هەیە".

لەبارەی زۆربوونی بەکارهێنانی نایلۆن مەترسییەکانی لەسەر ژینگەی کوردستان، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "100% مەترسی هەیە، چونکە وردە وردە لە مۆڵەکان، نانەواخانەکان، سەموونخانەکان، دووکانەکانی جلوبەرگ و جوانکاری، وشکە فرۆش و، سەوزەو میوە کێسی نایلۆن بەکار دەهێندرێت".

 

سەبارەت بە بەکارهێنانی کیسی نایلۆن لە دەرمانخانەکان و زەرە و زیانەکانی بەسەر دەرمان د.شوان عەلی، نوێنەری سەندیکای دەرمانسازان، گوتی: "بەکارهێنانی کیسی نایلۆن هیچ کاریگەرییەکی خراپی بەسەر دەرمان نییە، چونکە دەرمان وەکو خۆراک نییە، بۆ نموونە بەکارهێنانی کیسی نایلۆن بۆ نان و سەموون لەبەر ئەوەی گەرمە، هاوکات بەرکەوتنی راستەوخۆ لەنێوان خۆراک و کیسە نایلۆنەکە هەیە، کە رەنگە ببێتە هۆی دەردانی چەند ماددەیەک لە نایلۆنەکە و کاریگەری لەسەر خۆراکەکە دروست بکات، ئەمەش بەپێی چەند توێژینەوەیەکی زانستی کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە".

شوان عەلی، بەپێویستی دەزانێت چاودێری هەبێت بەسەر ئەو کارگانەی نایلۆن دروست دەکەن و دەڵێ: "نایلۆن چەند جۆرێکی هەیە، ئەو نایلۆنەی بۆ هەڵگرتنی خۆراک بەکار دێت و بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ مرۆڤ هەیە، بەپێی ستاندارتەکان بێت". شوان عەلی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە نابێت نایلۆن لە جارێک زیاتر بەکار بهێندرێتەوە و دەڵێ: "زانیاری تەواوم هەیە، ئەو گڵاسانەی کە بۆ ئاو خواردنەوەی بەکاردێت، دووبارە و سێ بارە بەکارهێندراونەتەوە و تەنانەت گڵاسی پیسیش بەکارهێندراوە بۆ خواردنەوەی ئاو لە کوردستان، کە بە درمانی کیمیایی شۆراوەتەوە، کە دەرمانە کیمیاییەکە لەوانەیە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ زۆر زیاتر بێت لە پیسی گڵاسەکە".

لەبارەی شوێنگرەوەی کیسی نایلۆن بە کیسی کاخەز یان پەڕۆ، د. کەنار فازڵ، شارەزا لە بواری دەرمانسازی بۆ رووداو گوتی: "دەتوانین لە رێگەی رێنماییەوە وا لە هاونیشتمانیان بکەین لە بەکارهێنانی کیسی نایلۆن و کاخەز بژاردەیان بخرێتە بەردەم، کیسی نایلۆن یەکێکە لە خزمەتگوزارییەکان کە لە مۆڵ و سوپەرمارکێت و دەرمانخانەکان بێ بەرامبەر بە هاووڵاتیان دەدرێت، بۆیە ناکرێت بنبڕ بکرێت، بەڵکو پێویستە هەردوو جۆری کیسەکە هەبێت، هەم کاخەز و هەم نایلۆن، بەڵام کیسە نایلۆنەکان چاودێری و کۆنترۆڵ بکرێت، ئەگەر بێت و هەر خواستی لەسەر بوو، ئەوا لە بەرامبەر پارەیەکی رەمزی بە نموونە 250 دینار لە بەرامبەر کیسی نایلۆن وەربگیرێت".

کەنار فازڵ، بەپێویستی دەزانێت گرنگی بە بابەتی ریسایکڵین بدرێت و دەڵێت: "بە داخەوە هەموو جۆرە پاشماوەیەک تێکەڵ بەیەک دەکرێت، تاوەکو ئەو خۆڵ و خاشاک و پاشماوانە تێکەڵ بە یەک بکرێت پێویست بە دەرکردنی هیچ رێنماییەک ناکات، تەنانەت پاشماوەی دەرمانخانەکانیش تێکەڵ بە خۆڵ و خاشاک دەکرێتەوە، کە لەبەرامبەر جیاکردنەوەی پارەیەکی زۆر لە دەرمانخانەکان وەردەگیرێت، بۆیە پێویستە سەرەتا بزانین چۆن ئەو پاشماوانە جیا دەکەینەوە، دوای جیاکردنەوەکە کوالێتی ئەو نایلۆنانەی لە هەرێمی کوردستان رێگەی پێدەدرێت بەکاربێت، پاشان بکرێتە بژاردەیەک لەبەردەم هاونیشتمانیان کە کام جۆر کیس بەکار بهێنن".

 

بۆ یەکەمجار نایلۆن لە 28-2-1935 لەلایەن والاس کاروترز بەرهەمهات. ساڵانە لە جیهان 5 تریلۆن تۆن نایلۆن بەرهەمدەهێندرێت و 55 وڵاتی جیهانیش هاوردەکردنی نایلۆنیان قەدەخە کردووە. کیسی نایلۆن زیانی ژینگەیی هەیە. بۆ ئەوەی دووبارە لەنێو ژینگە بتوێفەوە پێویستی بە لانیکەم 500 ساڵ هەیە.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان