لە ئەڵمانیا بەکارهێنانی کیسی نایلۆن لە دەرمانخانەکان بە پارەیە


رووداو - ئەڵمانیا 

لە ئەڵمانیا بەکارهێنانی کیسی نایلۆن لە دەرمانخانەکان بە پارەیە و نرخی هەر کیسێک 20 سەنتە.

ده‌رمانخانه‌ی كۆمپاس له‌ شاری هێرنه‌ی ئه‌ڵمانیا، یه‌كێك له‌و ده‌رمانخانانه‌ی دوو ساڵە لە جیاتی کیسی نایلۆن کیسی پەڕۆی تایبەت بەخۆی بۆ فرۆشتنی داو و دەرمانەکانی بەکاردێنێت.

فریده‌مان ئالمایه، ‌خاوه‌نی ده‌رمانخانه‌كه‌ دەڵێت: "پێشتر رۆژانه‌ نزیكه‌ی 200 تاوەکو 250 کیس نایلۆنمان به‌كارده‌هێنا، ساڵانه‌ ده‌یكرده 30 تاوەکو 40  هه‌زار  کیس، پاش ئه‌و بڕیاره‌ ئێمه‌ یه‌كسه‌ر كه‌مپەینێكمان دەستپێکرد، كیسی په‌ڕۆمان دروستکرد و وێنه‌ی كه‌نغه‌رێكی له‌سه‌ر بوو نووسرابوو: من ‌له‌مه‌ودوا كیسی خۆمم پێیه‌، پاشان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابەشمان کرد پێمانوتن تكایه‌ كه‌ سه‌ردانمان ده‌كه‌ن جارێكی دیكه‌ له‌گەڵ خۆتانی بهێنن لهو كاته‌وه‌ ئێمه‌ هیچ زه‌رفێکی نایلۆن و كاخه‌ز به‌كارناهێنن".

ئه‌مه‌ بۆ کڕیاران له‌ سه‌ره‌تادا  ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیاری دا كیسی نایلۆن به‌ پاره‌بێت، ژمارەی بەکارهێنەرانی کەم بووەتەوە. نرخی تەنیا یەک کیسی نایلۆن لە ئەڵمانیا بە 20 سەنتە.

له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌موو ده‌رمانخانه‌كاندا هه‌وڵده‌درێت جۆرێك له‌ كیس به‌كاربهێنن كه‌ بتوانرێت چه‌ندینجار به‌كاریبهێننەوە. یان ئامۆژگاری کڕیارەکان دەکەن تا ده‌رمانه‌كانیان
به‌بێ كیس له‌گه‌ڵ خۆیان ببەن. لارا ئه‌مڕۆ كیسه‌كه‌ی له‌ بیرچووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌رمانی زۆری كڕیوە، بەڵام نەیویست کیسی نایلۆن بەکاربێنێت.

نایلۆن بە بەڵایەکی رەش بۆ سەر ژینگەی سەوزی جیهان ناسراوە، هەرچەند مرۆڤ بۆ کارئاسانی خۆی دایهێناوە، کەچی بە مانەوەی سەدان ساڵەی لە ژینگە و زەحمەتی شیبوونەوەیان، ژیانی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە دەخەنە مەترسییەوە.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن